بەتایبەت مامۆستایانی قۆناغی 9 و 12
داوا لە مامۆستایانی دەربەندیخان دەکرێت بایکۆت بشکێنن
964+
ژووری هەواڵ
لە دەربەندیخان تاوەکو ئێستا بایکۆتی مامۆستایان بەردەوامە و بەوهۆیەوە قوتابیانی هەموو قۆناغەکان ناچنەوە خوێندن، قایمقامیەتی قەزاکە لە هەوڵدایە چارەسەری ئەمە بکات کە هیچ نەبێت خوێندنی قۆناغەکانی نۆ و 12 دەستپێبکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 25.12.2023، سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی راگەیاند، لەسەر داوای دایکان و باوکانی قوتابیانی پۆلەکانی نۆی بنەڕەتی و دوانزەی ئامادەیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و نوێنەری سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و هەندێک لایەنی دیکە کۆبوونەتەوە و تاوتوێی دەستپێکردنەوەی خوێندنیان کردووە.
“نزیکەی 90٪ـی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە هاوڕابووین لەسەر ئەوەی بە هەر رێگەیەک بێت خوێندن دەستپێبکاتەوە، بەتایبەتی قۆناغەکانی نۆی بنەڕەتی و 12ـی ئامادەیی”، سلێمان محەمەد وای وت.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له 13.9.2023 وه‌رزی نوێی خوێندنی 2023-2024 ده‌ستیپێكردووه، به‌ڵام به‌هۆی بایكۆتی مامۆستایان له سلێمانی، هه‌ڵه‌بجه، ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین، ده‌رگای قوتابخانه‌كان داخراوە، به‌ڵام دواتر له هه‌موو ئه‌و شوێنانه خوێندنی قوتابیانی پۆلی 12 ده‌ستیپێكرد، تەنیا دەربەندیخان نەبێت.