زانیاری ورد لە بارەی کریسمس

کریسمس لەچییەوە هاتووە و دابونەریتەکانی چین؟

964+
موحسین عومەر

رۆژی کریسمس کە هەموو ساڵێک لە 25ی کانوونی دووەمدا بەڕێوەدەچێت، جەژنێکە یادی لەدایکبوونی حەزرەتی عیسا پێغەمبەری ئایینی مەسیحی دەکاتەوە، جەژنی لەدایک بوونی مەسیح لەدوای جەژنی قیامە بەدووەم جەژنی گەورەی ئاینی مەسیحی دادەنرێت.

بۆچوونە جیاوازەکان لەسەر لەدایکبوونی مەسیح

هیچ کام لە ئینجیلەکان دیاریاننەکردووە مەسیح لە چ رۆژ و ساڵێک لەدایکبووە، هێندە نەبێت لە ئینجیلی مەتا و لۆقا هاتووە، مەسیح لەو رۆژگارە لەدایک بووە کە هیرۆدۆس لە خاکی جووەکان فەرمانڕەوایی هەبووە، بەپێی گێڕانەوەی مێژوونوس (ویڵ دیۆرانت) لە کتێبی چیرۆکی شارستانیەتەکان، هیرۆدۆس لە ساڵی 3ی پێش زاین لەدایک بووە، بەپێی ئینجیل، عیسا لە شاری بەیتولمەقەدەس، شارۆچکەیەکی فەڵەستینی کۆن لەدایکبووە.

بۆچوونەکان لەبارەی هەڵبژاردنی 25ی مانگ وەک رۆژی لەدایکبوونی مەسیح ناکۆک بوون، لەسەدەی دووەمی زاینی زۆرێک لە کەنیسەکانی ئەرمەنی رۆژی 6ی کانوونی یەکەمیان هەڵدەبژارد وەک رۆژی لەدایک بوونی مەسیح و ئێستاش ئەو کەنیسانە بەردەوامن لەسەر ئەو باوەڕە، بەڵام لە وڵاتانی رۆژئاوا کۆدەنگیەک هەبوو لەسەر دیاریکردنی رۆژی 25ی کانونی یەکەم وەک رۆژی لەدایکبوونی مەسیح بەتایبەت مەزهەبی کاسۆلیک، ئەمەش چونکە بەپێی رۆژمێری یولیانی سەرەتای گۆڕینی وەرزە، ئۆرتۆدۆکسەکان رۆژی 7ی کانونی یەکەم وەک  رۆژی لەدایک بوونی مەسیح دەناسێنن.

وشەی کریسمس لە چییەوە هاتووە؟

سەرچاوە مێژوویەکان دەڵێن، وشەی کریسمس لە لێکدراوی دوو وشە پێکهاتووە، “کریس” بەمانای رزگارکەر و “مس” وشەیەکی فیرعەونیەکانە وەک کورتکراوەی ناوی رامسیس بەمانای کوڕ هاتووە، ئەو سەرچاوانە دەڵێن، داهێنانی وشەی کریسمس بۆ کەنیسەی قیبتیەکان دەگەڕێتەوە.

ئەی داری کریسمس لەچییەوە هاتووە؟

لەباوەڕی کۆن وا هاتووە، رووەکە سەوزەکان ماڵ لە خێو و خراپەکاری بەدوور دەگرن، بەڵام ئەوەی لەمێژوودا ساغبووەتەوە دەوترێت بەکارهێنانی داری سنەوبەر بۆ ئیمپراتۆریەتی رۆمانی و میسریەکان دەگەڕێتەوە.

هەموو مەزهەبەکان لەسەر دانانی داری سنەوبەری کریسمس لەو رۆژە کۆکن، داری سنەوبەر لە ژووری میوان یان شوێنە گشتییەکانیان دادەنرێت، بە رووناکی و تۆپی بچووکی رەنگاو رەنگ دەیڕازێننەوە، بۆ منداڵان دیاری لەژێر دارەکە دادەنێن.

چۆنییەتی ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی رۆژی کریسمس
لە رۆژی جەژنی کریسمسدا خەڵکێکی زۆر بەشداری لە نوێژی کڵێسا دەکەن و لەگەڵ ئازیزانیاندا کۆدەبنەوە و دیاری ئاڵوگۆڕ دەکەن بۆ ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی ئەو جەژنە.
زۆرجار جەژنی کریسمس بە چەند نەریتێک بەڕێوەدەچێت، وەک رازاندنەوەی دارەکان و گۆرانی وتن و خواردنی ژەمە نەریتییەکان دیاری دەکرێت. هەروەها کاتێکە بۆ بەخشین و کردەوەی خێرخوازی، بەو پێیەی رۆژی جەژن هانی خەڵک دەدات دەستیان بگاتە ئەو کەسانەی کە پێویستیان پێیەتی و یارمەتی و پشتیوانی پێشکەش بکەن.

ئاڵوگۆڕی دیاری
باو و ئاساییە لە رۆژی جەژنی کریسمسدا ئاڵوگۆڕی دیاری لەگەڵ خۆشەویستانتدا بکەیت، ئەم نەریتە زۆرجار پەیوەستە بە چیرۆکی ئەو سێ پیاوە دانایەوە، کە دیاری زێڕ و بخور و مۆریان بۆ عیسای کۆرپە بردووە.

جەژنی کریسمس نزیکە و لە عەنکاوە ئامادەکارییەکان دەستی...

جەژنی کریسمس نزیکە و لە عەنکاوە ئامادەکارییەکان دەستیپێکردووە