تا دوو رۆژی دیکە چاک نابێت
لێڵبوونی ئاوی بێخاڵ ناحیەی سرێشمەی بێ ئاو کردووە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
بەهۆی لێڵبوونی ئاوی بێخاڵ ناحیەی سرێشمەی قەزای خەلیفان ئاوی خواردنەوەیان نەماوە.
لەگەڵ بەردەوامی بارانبارین ئاستی ئاوی بێخاڵ بەرز بووەتەوە و ئاوەکە لێڵ بووە، ناحیەی سرێشمەش کە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی لە بێخاڵە، بەهۆی نەبوونی پاڵاوگەی ئاو، ناحیەکە بێ بەش بووە لە ئاوی خواردنەوە.
موسلیح مستەفا بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سرێشمە بە 964ـی وت، “بەهۆی لێڵبوونی ئاوی بێخال ناتوانین ئاو بۆ سرێشمە دابین بکەین، ئەگەر بارانی زیاتر نەبارێت دوو رۆژی دیکەی پێویستە تا بتوانین ئاوەکە بەکاربێنین”.
وتیشی، ساڵانە ئەو گرفتەمان بۆ دروست دەبێت، داواکاریمان پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران کردووە، پاڵاوگەی ئاومان بۆ دابنرێت، یان سەرچاوەیەکی تری ئاو بۆ ناحیەکە دیاریی بکرێت.
ناحیەی سرێشمە خاوەنی زیاتر لە هەزار ماڵە، ئەمساڵ بووە بە ناحیە و سەر بە قەزای خەلیفانە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی