نەبوونی کارەبا هۆکارە

سێ رۆژە ناحیەی کەڵەک بێ ئاوە

964+
زەید کۆچەر – دهۆک

سێ رۆژە ناحیەی کەڵەک بە نەبوونی ئاو دەناڵێنێت و ئەگەرەکەشی نەبوونی کارەبای نیشتیمانییە لە ناحیەکە و خەڵکەکەی گلەیی دەکەن.

بەرپرسانی کارەبا دەڵێن، هێڵی کارەبای 133 وێستگەی کەورگۆسک کێشەی تێکەوتووە و بووەتە هۆی دابەش نەکردنی ئاوی خواردنەوە لە ناحیەکە، چونکە پێویستیی بە کارەبای 24 کاتژمێرییە.

نیعمەت عەبدولڕەحمان، هاوڵاتیەکی ناحیەی کەڵەکە بە 964ی وت، “زیاتر لە سێ رۆژە کارەبای نیشتیمانی زۆر خراپە و ئاوی خواردنەوەش نییە، وامانلێهاتووە ئاو بە تەنکەر دەکڕین، تا ئیستا نازانین کێشە چییە ئێمە لەسەر زێی گەورەین و ئاومان نییە”.

قەیدار شێخانی، بەڕێوەبەری ئاوی ناحیەی کەڵەک بە 964ی وت، “کێشەی دابەش نەکردنی ئاومان هەیە و نایشارینەوە، بەڵام کێشەکە لە نەبوونی ئاو نییە، بەڵکو کارەبای نیشتیمانی کێشەی تێکەوتووە و نییە، وێستگەی دابەشکردنی ئاو پێویستی بە کارەبای 24 کاتژمێرییە، بۆیە دابەشکردنی ئاو راگیراوە”.

وتیشی: “ئەندازیارانی کارەبا خەریکی چارەسەری هێڵی 133ی کارەبای نیشتیمانین کە کارەبای ناحیەی کەڵەکی لەسەرە، هەوڵ دەدەین کێشەکە چارە بکرێت و تا بەیانی ئاوی خواردنەوە بە خەڵک بدرێت”.

پێداچوونەوە: موحسین عومەر

لە گوندێکی کەڵەک بەهۆی دەمەقاڵێوە گەنجێک کوژرا

لە گوندێکی کەڵەک بەهۆی دەمەقاڵێوە گەنجێک کوژرا