یانەی ئافرەتانی هەولێر لەیاریەکدا، وێنە:964+ ئەرشیف.
"کەس هاوکاری نەکردووین"
بەهۆی کێشەی دارایی یانەی “ئافرەتانی هەولێر” لە خولی فوتساڵی کچان کشایەوە
964+
هێژا خەسرەو ـ هەولێر
بەهۆی ئەو کێشە داراییانەی رووبەڕوویان بووەتەوە “یانەی ئافرەتانی هەولێر” لە خولی فوتساڵی کچانی کوردستان کشانەوە، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ تیروپشکی یارییەکانی وەرزی نوێی خولی فوتساڵی کچانی کوردستان راکێشرا.
رازاو کەریم، سەرۆکی یانەی ئافرەتانی هەولێر لە لێدوانێکدا بە 964ی وت، “بە فەرمی کشانەوەمان لە خولی فوتساڵی کچان راگەیاند، کێشەی داراییمان هەیە و هیچ لایەنێکی ئەهلی حکومی و کۆمپانیا و لایەنە پەیوەندیدارەکان هاوکارییان نەکردووین، هیچ شوێنێکیش نەماوە داوای هاوکاری لێنەکەین و وەڵاممان نادرێتەوە”.
سەرۆکی یانەی ئافرەتانی هەولێر دەڵێت: کاتێک بەشداری ناکەین مانای ئەوەیە سەرجەم یاریزانەکانمان ئێستا ئازادن و هیچ رێگرییەکیان لێناکەین، چونکە ئەم بابەتە یەکلابووەتەوە و پەشیمان نین لەوەی بەشداریناکەین.
بڕیارە سەبارەت بە کشانەوەیان، رۆژی شەممە رازاو کەریمی سەرۆک یانە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بکات و کێشە و گرفتەکان لەگەڵ هۆکاری تەواوی کشانەوەیان بخاتەڕوو.