"تەقەی خۆشیان کردووە"
ئاسایش بۆ 964: لەسەر تەقەکردن نزیکەی 15 کەسمان دەستگیر کرد
964+
ئەحمەد مستەفا
بەهۆی ئەوەی شەوی رابردوو “تەقەی خۆشی”یان بە هەڕەمەکی دەکرد، دەزگای ئاسایش نزیکەی 15 کەسی دەستگیر کرد، کارەکەشیان بە مایەی “تێکدانی ئاسایش و زیانلێکەوتنی خەڵک” دەبینێت.
شەوی رابردوو 19/20ی 12.2023، لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی هەرێمی کوردستان دەنگی تەقەی هەڕەمەکی هات، دەنگەکان ئەوکاتە زیاتر تەشەنەی سەند، کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی دەنگدانی بەرای %94.4ی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20.12.2023، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پرسیاری 964 دا، تایبەت وەڵامی دایەوە و وتی، “لە شەوی رابردوەوە نزیکەی 15 کەسمان دەستگیرکردووە، کە بە هەڕەمەکی تەقەیان کردووە، دەستیش بەسەر ژمارەیەک چەکی بێ مۆڵەتدا گیراوە”.
لە بارەی هەڵمەتەکەیانەوە دەزگاکە ئەوەی بە 964 وت، “تەقەکردن لە ژێر ناوی خۆشی و بە هەڕەمەکی لەسەر تێکدانی ئارامی و زیانلێکەوتنی خەڵک خۆی دەبینێتەوە، دەزگای ئاسایش دژی ئەو حاڵەتانەیە و لە بەرامبەریاندا رێکاریی یاسایی خۆی جێبەجێ دەکات”.
تۆڕی 964 دەزانێت، ئەو کەسانەی دەستگیرکراون بەڵێننامەیان پێ پڕدەکرێتەوە، تا ئەوکارە دووبارە نەکەنەوە، “ئەو کەسانەشی بە تۆمەتی برینداربوونی خەڵک بە فیشەک دەستگیرکراون، تا تەواوبوونی رێکاری یاسایی رادەگیرێن، کە دانیشووی سلێمانی و گەرمیان و چەند ناوچەیەکی دیکەن”.