لالنگییە خراپبووە دەستبەسەرداگیراوەکە - وێنە: کوالێتی کۆنتڕۆڵی عەلوەی کەلار.
ئەمساڵ 300 تۆن میوەی خراپ هەبووە
لە عەلوەی کەلار پیکابێک لالەنگی خراپبوو لەناوبرا
964+
پێشەوا محەمەد
لەناو عەلوەی کەلار دەستبەسەر زیاتر لە تۆنێک لالەنگیی خراپبوودا گیراوە و لەناوبراوە، بەڕێوەبەری تاقیگەی کوالێتی کۆنتڕۆڵی عەلوەکەش دەڵێت، ئەمساڵ 300 تۆن میوەی خراپبوویان لەناوبردووە.
بە پێی زانیارییەکانی 964، کاتژمێر سێی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 16.12.2023 ئەو لالەنگییە براوەتە عەلوەی کەلار و هەوڵ دراوە ببرێتە ژوورەوە و ساغ بکرێتەوە، بەڵام کوالێتیی کۆنتڕۆڵی عەلوەکە رێگری لێکردووە.
محەمەد ئیبراهیم، بەڕێوەبەری تاقیگەی کوالێتیی کۆنتڕۆڵی عەلوەی کەلار بە 964ـی راگەیاند، ئەوان لە دەروازەی سەرەکی عەلوە ئۆفیسی پشکنینیان هەیە دوا خاڵی پشکنینن بۆ ئەو میوانەی دەچنە عەلوەکەوە.
وتیشی، “ئەمساڵ نزیکەی 300 تۆن میوەی خراپبوومان لەناوبردووە، کە زۆرینەی سێو و کاڵەکی هاوردە بووە”.
زانیارییەکانی کوالێتیی کۆنتڕۆڵی عەلوەی کەلار روونی دەکاتەوە، ئەمساڵ لە چاو ساڵی رابردوو کەمتر میوەی خراپ هێندراوەتە عەلوەکەوە.
“24 کاتژمێر کار دەکەین لەپێناو تەندروستی و سەلامەتی هاوڵاتیان بە پشکنینی بەردەوام و لەناوبردنی ئەو سەوزە و میوە و بەروبوومە کشتوکاڵیانەی شیاوی خواردن نین و لە پشکنینەکانمان دەرناچن”، ئەوەش قسەی محەمەد ئیبراهیمە.