لە رێگەى مۆبایلەوە دەزانرێت

ئاوى خواردنەوەى شارەزوور دەخرێتە ژێر سیستمى چاودێرییەوە

+964
بڕوا مەجید – شارەزوور

لەمەودوا لە رێگەى سیستمى چاودێرییەوە، لە قەزاى شارەزوور و ناحیەى زەڕایەن پێوانەى ئاوى ماڵان دەکرێت، بە شێوەیەکى ستاندارد ئاوەکە دابەش دەکرێت و زیاد و کەمى پێناکرێت.

رێکخراوى (UNHCR)، لەسەر ئەرکی خۆی هەستاوە بە دانانی سیستمی چاودێری Real time) monitoring (RTM)) بۆ بیر و خەزانەکانى ئاوی سنووری قەزای شارەزوور و ناحیەی زەڕایەن، ئەوەش لە سەرچاوەی پڕۆژەی ئاوی بێستانسوور، سیستمەکە کارئاسانی بۆ سەرپەرشتیاران و میراوەکان دەکات کە چاودێریی بڕی ئاوی ناو تەنکییەکان لە رێگەی مۆبایلەکانی دەستیانەوە بکەن.

لە بارەى سیستمەکەوە، رەمەزان عارف، لێپرسراوی فەرمانگەی ئاوی شارەزوور بۆ 964 وتى، “ئامانج لە دانانی ئەم سیستمە بۆ زیاتر چاودێریکردن و ئاگاداربوونە لە حاڵەتی کێشە و گرفتەکان و رێژەی وەرگرتن و دابەشکردنی ئاوی ناو بیر و تانکییەکان بە ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت لە رێگای مۆبایلەوە، ئەوەش لە ژێر چاودێریی فەرمانگەی ئاوی شارەزوور دەبێت”.

“سیستمەکە بۆ دابەشکردنى ئاو، کات بۆ میراوەکان دیاریى دەکات، ناتوانن لەو رێژەیەی بۆیان دیاری کراوە کەمتر دابەش بکەن، چونکە لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە”، رەمەزان عارف، واى وت.

سیستمەکە رێژەی ئاوی ناو تەنکییەکان دیاریی دەکات لەگەڵ بڕی پێدان و دابەشکردنی ئاوەکە لە لایەن میراوەکانەوە، بۆیە میراوەکان نە دەتوانن ئاوى زیاتر بۆ ماڵان بەربدەنەوە، نە ئاوى کەمتر، لە حاڵەتێکدا ئەگەر کەم و زیاد هەبوو، لە رێگەى ئەپڵیکەیشنێکى تایبەتەوە ئاگادار دەکرێتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

سبەی دابەشکردنی نەوت بەسەر ئاوارەکان لە ئامێدی دەستپێ...

سبەی دابەشکردنی نەوت بەسەر ئاوارەکان لە ئامێدی دەستپێدەکات