لە هەموو جیهاندا

تەندروستى جیهانى داواى قەدەغەکردنى جگەرە ئەلیکترۆنییەکان دەکات

964+

وریا فەتاح

رێکخراوی تەندروستی جیهانی WHO داوا دەکات، هەموو جۆرە جگەرەیەکی ئەلیکترۆنی لە جیهاندا قەدەغە بکرێت و بە هەمان شێوەی جگەرەی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

تەندروستى جیهانى کە وەک حاڵەتێکى بەپەلە ئاماژەى پێکردووە، دەڵێت: پێویستە جگەرە ئەلیکترۆنییەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن، چونکە بەڵگەى پێویست لەبەردەست نین بۆ ئەوەى بیسەلمێنێت کە ئەو کەسانەى جگەرە دەکێشن لە رێگەى بەکارهێنانى جگەرەى ئەلیکترۆنییەوە واز لە جگەرە کێشان بهێنن، بەڵکو بە پێچەوانەوە جگەرەى ئەلیکترۆنى هۆکارە بۆ ئەوەى ئەو کەسانەى جگەرەکێش نین، ئاڵودەى نیکۆتین ببن.

جەختیش لەوەکراوەتەوە، هەموو ئەو رێوشوێنانەی بۆ کۆنترۆڵکردنی جگەرەی ئاسایی بەکاردەهێنرێن، لەوانە زیادکردنی باج و قەدەغەکردنی بەکارهێنان لە شوێنە گشتییەکاندا، جگەرە ئەلیکترۆنییەکانیش بگرێتەوە.

“بەهۆى بەرفراوانى بڵاوبونەوەى جگەرە ئەلیکترۆنییەکان بەتایبەت لە نێو گەنجان و ژناندا، ئەگەر هەیە سەر بکێشێت بۆ بەکارهێنانى ماددەى هۆشبەر”، تەندروستى جیهانى وادەڵێت.

ئەوەشى خستووەتەڕوو کە جگەرە ئەلیکترۆنییەکان، زیاتر لەناو ئەو کەسانەدا بەکاردێت کە تەمەنیان لە نێوان 13 بۆ 15 ساڵاندایە.

بە وتەى، تێدرۆس ئەدهانۆم گێبرێیسۆ، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، منداڵان لە تەمەنێکی زوودا بەکاردەهێنرێن بۆ بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی و بە نیکۆتین پەیوەست دەکرێن، ئەوەش دەبێتە هۆى سەرهەڵدانى جۆرەها نەخۆشى لە نێویاندا شێرپەنجە و زیانگەیاندن بە گەشەى مێشکى گەنجان.

بەپێى ئامارەکانى تەندروستى جیهانى، جگەرەی ئەلیکترۆنی لە بازاڕدا رێگەپێدراوە، بەشێوەیەک 34 وڵات فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی قەدەغە دەکەن، بەڵام 88 وڵاتیش کێشەى تەمەنیان نیە بۆ مامەڵەکردن بەو بەرهەمە، 74 وڵاتیش هیچ یاسایەکیان بۆ ئەو بەرهەمە زیانبەخشانە نییە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە 31.1.2023ـوە، داواکارى گشتى لە دهۆک بڕیاریدا نابێت لەناو بازاڕى شارەکە جگەرەى ئەلیکترۆنى بفرۆشرێت، بەڵام بەپێى بەدواداچونەکانى 964، سەرەڕاى بڕیارەکە جگەرەى ئەلیکترۆنى لە بازاڕەکانى دهۆکدا بونى هەیە و دەفرۆشرێت.

بەهۆی فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی بە خوار تەمەن 18 ساڵ ما...

بەهۆی فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی بە خوار تەمەن 18 ساڵ مارکێتێک داخرا

ئەگەرچی قەدەغەکراوە بەڵام جگەرەی ئەلیکترۆنی لە بازاڕی...

ئەگەرچی قەدەغەکراوە بەڵام جگەرەی ئەلیکترۆنی لە بازاڕی دهۆک دەفرۆشرێت