ستوونێکی کارەبای گوندی چواربۆت دەردەکەوێت کە مەترسی کەوتنی لەسەرە. وێنە:964+
بە هۆکاری مەترسی ناوچەکە چاک ناکرێت
لە گوندێکی دینارتە 10 ستوونی کارەبا مەترسی کەوتنیان لەسەرە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
ستوونەکانی کارەبای گوندی چواربۆت مەترسی کەوتنیان لەسەرە و فەرمانگەی کارەبای ناحیەی دینارتە دەڵێت، بەهۆی ئەوەی ئەو ناوچەیە چەکدارانی پەکەکەی لێیە و مەترسی تۆپبارانی تورکیای لەسەرە، ناتوانرێت وا بەئاسانی تیمەکان بچن بۆ چاککردنەوەی ئەو ستوونانە،
سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە بە 964ی وت، “کێشەی ئەم ستوونانەی کارەبای گوندی چواربۆت دەمێکە هەیە، بەڕێوەبەرایەتی کارەبای ئاکرێمان لێ ئاگادارکردوەتەوە، بەڵام ئەوان نەڕۆیشتوون بەڵایەوە، هەر کێشەیەک دروست بێت ئێمە لێپرسینەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کارەبا دەکەین”.
بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە دەڵێت، بەهۆی باران بارینەوە ستوونەکانی کارەبای ئەم ناوە بەتەواوی خراپ بوون، کە ژمارەیان 10 ستوون دەبێت، بڕیارێک هەیە بەم نزیکانە چارەسەر بکرێت.
ئەسعەد شەهی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەبای دینارتە بە 964ی وت، “هۆکاری نەچوونی تیمەکانمان ئەوەیە شۆفڵی فەرمانگەی کارەبا لە کارکەوتووە، داوامان کردووە رێگاوبان شۆفڵمان بۆ دابین بکات، پێویستە ئاسایشی رێگاکە دابین بکرێت، ئینجا تیمەکانمان بچن”.
گوندی چواربۆت زیاتر لە 25 کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی دینارتە دوورە و 40 ماڵی لێیە و کۆتا خاڵی پێشمەرگە لە گوندی هەرنێیە، گوندی چواربۆت پێشمەرگەی لێ نییە و لەو سنوورەیە کە چەکدارانی پارتی کرێکاران لەو ناوچەیەن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی