دیمەنێکی یاریەکان لە یەکێک لە یاریگاکانی دهۆک. وێنە:964+
10 یانە بەشداریان کردووە
پاڵەوانیەتی ئەمساڵی تێنسی سەر زەوی لە دهۆک بەڕێوە دەچێت
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە دهۆک 10 یانە بەشداریان کردووە لە پاڵەوانیەتی تێنسی سەر زەوی کە لەلایەن لیژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی کوردستان رێکخراوە.
د.رۆستەم رەسول ئیبراهیم، سەرۆکی یەکێتی ناوەندی تێنسی کوردستان بە 964ی وت، ماوەیەک بوو هیچ پاڵەوانیەتیەک بۆ یانەکان نەکرابوو، ئەمساڵ ئەم پاڵەوانیەتیە بۆ هەردوو یانەکانی نایاب و پلە یەک، بڕیارە تاوەکو 16ی مانگ بەردەوام بێت.
سەرۆکی یەکێتی ناوەندی تێنسی کوردستان دەڵێت، بەهۆی کەشوهەوا نەمان توانیوە رۆژەکانی پاڵەوانیەتیەکە درێژ بکەینەوە، دوو گروپن و هەر گروپێک پێنج یانەیە، هەر یانەیەک بەشێوەی تاک دوو یاری دەکەن، ئەوەی زۆرترین خاڵ کۆبکاتەوە یەکەم دەبێت.
لەبارەی شوێنی بەڕێوەچوونی یاریەکان، د.رۆستەم رەسول دەڵێت، “یاریگاکانی دهۆک نۆژەنکراونەتەو و مەسروفێکی باشیان لێکراوە، بۆیە ئەمساڵ بڕیارماندا هەر لە دهۆک یاریەکان بەڕێوەبچن”.
ئەو یانانەی لەم پاڵەوانیەتیە بەشداریان کردووە هەریەکە لە یانەکانی دهۆک، گارە، هەولێر، سێمێل، ئەکاد، خاک، نیشتیمان، سۆلاڤ، بروسک و قەڵا.