چاڵە سەرەخۆرەکەی هەولێر زۆری نەماوە پڕ ببێتەوە
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر
ئەو کەندەی بۆ دروستکردنی زێرابی سندوقی لەسەر رێی پیرمام هەولێر هەڵکەندراوەو تا ئێستا دوو ئۆتۆمبێلی تێکەوتووە، چەند رۆژێکی تر پڕ دەکرێتەوەو رێگاکە ئاسایی دەبێتەوە.
زێرابە سندوقییەکە دەکەوێتە رێی هەولێر پیرمام نزیک خاڵی پشکنینی مەلا ئۆمەر، بەشێکە لەو پرۆژەیەی بەناوی ”بەرگریکردن لەلافاو” کاری لەسەر دەکرێت.
رۆژی ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ ئۆتۆمبێلێکی جۆری ئۆپڵ لەبەربەستە فسفۆڕییەکانی دەوری چاڵەکە پەڕییەوەو کەوتە ناو ئەو کەندەی بۆ زێرابە سندوقییەکە دروستکراوە، هەمان رۆژ ئۆتۆبێلێیکی جۆری فۆڵکس واگن خۆی کێشا بەبەربەستێکی بەردەم پرۆژەکەدا.
میدیاکان باسی هەردوو رووداوەکەیان کرد، کەچی بۆ شەوی ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ ئۆتۆمبێلێکی جۆری مارسیدس بێنز (جی کڵاس) کەوتە ناو هەمان چاڵەوە.
پۆلیسی هاتوچۆ خەتای هەرسێ رووداوەکەی خستە ئەستۆی شۆفێرەکان و رایگەیاند ”لەدەوری پرۆژەکە بەربەست و فسفۆڕی زۆر داندراوە بۆ ئاگادارکردنەوەی شۆفێران” بەڵام شۆفێرەکان خۆیان تیژڕەو بوون.
فازڵ حاجی وته‌بێژى پۆلیسی هاتوچۆى هه‌ولێر، به +964ى راگه‌یاند “لەگەڵ ئەوەی هەموو پێداویستیەکانی سەلامەتی وهێمای ئاگادارکردنەوه‌ی شوێنی کار، شریت، فسفۆر، گلۆپ و بەربەست دانراون، به‌ڵام تا ئێستا سێ رووداوى هاتوچۆ له‌و شوێنه روویانداوه”.
حکومەت پلانی هەیە زوو ئەم پرۆژەیە تەواو بکات، هەم هەولێر لەلافاو بپارێزێت و هەم رووداوی هاتوچۆی لەو شێوەیە روونەداتەوە.
زه‌رده‌شت عه‌بدولخالق به‌ڕێوه‌به‌رى ئاو و ئاوه‌ڕۆكانى هه‌ولێر، به 964+ی راگه‌یاند “به‌شێكی زۆرى ئه‌و پڕۆژه‌یه ته‌واو كراوه و كه‌مى ماوه، له چه‌ند رۆژی داهاتوودا به‌یه‌كجارى كۆتایی پێدێت”.
پڕۆژه‌ى به‌رگریكردن له لافاو له چوارده‌ورى شاری هه‌ولێر و له ده‌ره‌وه‌ى شه‌قامی 150 مه‌ترى دروست ده‌كرێت، جگه له‌و پڕۆژه‌یه، له لاى ئه‌كوا تارینیش دوو سندوقى دیكه ده‌كرێنه‌وه بۆ راگواستنى ئاو و لادانى له‌سه‌ر شه‌قامی گشتی.