بەخێرایی حاسڵاتی رووداوەکانی غەزەو دەرودراوسێتان پێدەڵێین
مەترسییەکی گەورە هەیە نەخۆشی ئاوڵە لەناو خەڵکی خوارووی غەزە بڵاوببێتەوە
964+
ژووری هەواڵ
رۆژنامەی هائارێزی ئیسرائیلی رەخنەی لە ناتەنیاهۆ گرتووەو دەڵێت ئیسرائیل لە گەرمەی شەڕدایە کەچی ناتەنیاهۆ دەستی کردووە بە بانگەشەی هەڵبژاردن، هێشتا کاتی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە دیار نییەو مەزەندە دەکرێت لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
دامەزراوە تەندروستییەکانی فەلەستین دەڵێن مەترسییەکی گەورە هەیە نەخۆشی ئاوڵە لەناو خەڵکی خوارووی غەزە بڵاوببێتەوە، ئەگەر ئەوەش رووبدات زۆر بەخێرایی لە کۆنترۆڵ دەردەچێت.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند ئەمریکاو بەریتانیا گوژمەیەکی تری سزای دارایی دەسەپێنن بەسەر چەند کەسێکدا کە گرێدراون بە حەماسەوەو لە تورکیا نیشتەجێن و لەو وڵاتەوە پارەیان بۆ حەماس حەواڵە کردووە.
وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: دەمانەوێت بە روون و رەوانی بە هەموو جیهان بڵێین ئەم شەڕە کاتێک تەواو دەبێت کە بەیەکجاری حەماس لەناو ببەین.
کەناڵی CNN بڵاویکردەوە: بەرپرسانی ئەمریکا بە یاسادانەرانی وڵاتەکەیان راگەیاندووە، ئیسرائیل 22 هەزار بۆمبی لەسەر غەزە بەرداوەتەوە لەو بۆمبانەی ئەمریکا پێی داون.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ نوسیوێتی: سوپای ئیسرائیل دەستی کرد بە بەردانەوەی ئاو بۆ سەر تونێلەکانی غەزە، پێش هەفتەیەک هەمان رۆژنامە نوسیبووی ئیسرائیل پلانی هەیە هەموو تونێلەکانی غەزە نوقمی ئاو بکات.