چوار تا پێنج دەفتەر دۆلاری تێدەچێت
لە مەرزی سەیرانبەن هێڵی ترێڵە دانرا
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
هێڵی بارهەڵگری تڕێلە بۆ مەرزی سەیرانبەن زیادکراوە و دەبێت لەماوەی یەک مانگدا ئەوانەی بوونەتە خاوەنی هێڵەکە بارهەڵگرەکانیان لە تاکەوە بکەنە تڕێڵە.
بارهەڵگری تاک قەبارەی بچوکە و لە شەش تۆن تا 10 تۆن دەگرێت، ترێلە قەبارەی هەرە گەورەی بارهەڵگرە کە لە 25 تۆن تا 30 تۆن دەگرێت.
بەپێی بڕیارێک لەمەودوا ئەو باری تڕێلانەی دێنە سەیرانبەن ناگەڕێندرێتەوە بۆ باشماخ و لەو مەرزەوە داغڵی ناو هەرێمی کوردستان دەبن.
سەرچاوەیەکی پەیوەندیدار لە مەرزی سەیرانبەن قسەی بۆ 964 کردووە دەڵێت، لە رۆژی هەینیەوە تیروپشک بۆ هێڵەکان کراوە و ئەو کەسانەی هێڵی تڕێڵەیان بۆ دەرچووە، دەبێت لە ماوەی مانگێکدا بارهەڵگرەکانیان بگۆڕن بۆ تڕێڵە و ئەگەر نەیکەن هێڵەکانیان لێ وەردەگیرێتەوە.
ئەو کەسەی قسەی بۆ 964 کردووە دەڵێت، ئەو کەسانەی بوونەتە خاوەنی هێڵی تڕێڵە پێشتر هێڵی بارهەڵگریان هەبووە و هێڵەکانیان بۆ گۆڕدراوە و بەتیروپشک ئەو کارە ئەنجامدراوە.
یەکێک لە شۆفێری بارهەڵگرەکان لە مەرزی سەیرانبەن بە 964ی راگەیاند، بۆ ئەوەی هێڵێکی بارهەڵگر لە تاکەوە بکەیتە تڕێڵە تێچووەکەی هەزار دۆلارە و لەگەڵ ئەوەشدا ئەبێت بارهەڵگرەکە بگۆڕن و ئەوەش چوار تا پێنج دەفتەر دۆلاری دەوێت.
وتیشی، مەرجە ئەو بارهەڵگرەی کە دەگۆڕێت مۆدێلی 2005 کەمتر نەبێت و لە ماوەی مانگێکدا بگۆڕێت.
ئەو شۆفێرە دەڵێت، لە هاویندا ئیش بەتەواوی کەم دەبێتەوە، بەڵام لە زستاندا جوڵە لە مەرزەکە دەستپێدەکات و بەشێکی زۆری ئەو بارانەی ئێستا دێنە سەیرانبەن میوەن و بە کەمیش بابەتی وشکەن.
بەگوێرەی زانیاریەکان، ئەو کەسانەی هێڵەکانیان بۆ دەرچووە ژمارەیان 162 کەسە، ئەمە لەکاتێکدایە پێشووتر ژمارەی هێڵی بارهەڵگری تاک 209 هێڵ بووە کەمکراوەتەو بۆ 100 هێڵ و 109 هێڵیان لێ کراوەتە هێڵی جۆری تڕێلە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی