پڕۆژه‌یه‌ك كتێبخانه‌ى قوتابخانه‌كانى هه‌رێم وه‌گه‌ڕ ده‌خاته‌وه‌

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

هه‌ردوو وه‌زاره‌تى رۆشنبیری و په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێم سه‌رقاڵى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌یه‌كن، كه‌ له‌ قوتابخانه‌كانى هه‌رێم كتێبخانه‌كان وه‌گه‌ڕ بخه‌نه‌وه‌. ئێستاش خه‌ریكی ده‌ستنیشانكردنى ئه‌و سه‌رچاوانه‌ن، كه‌ پێویسته‌ له‌ كتێبخانه‌ى قوتابخانه‌كاندا هه‌بن.

به‌دواداچوونه‌كانى +964 ئه‌وه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو، قوتابخانه‌ كۆنه‌كانى هه‌رێمی كوردستان هه‌موویان كتێبخانه‌یان تێدایه‌، به‌ڵام تازه‌ دروستكراوه‌كان هەموویان تێیاندا نییە. به‌پێی ئه‌و ئاماره‌ش له‌به‌رده‌ستى بەڕێوەبەرى گشتیى كتێبخانه‌كانه‌، نزیكه‌ى 80%ى قوتابخانه‌كانى هه‌رێمی كوردستان كتێبخانه‌یان تێدایه‌، به‌تایبه‌تیش ناوه‌ندى و ئاماده‌ییه‌كان.

به‌نیازین له‌هه‌فته‌ى داهاتووه‌وه‌ ده‌ست به‌ هه‌نگاوه‌كانى جێبه‌جێكردنى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌مان بكه‌ین

دیارى وەستا عەزیز، بەڕێوەبەرى گشتیى کتێبخانە گشتییەکان، له‌وه‌زاره‌تى رۆشنبیری هه‌رێمی كوردستان به‌ +964ى راگه‌یاند، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ له‌سه‌ره‌تاى ساڵى پێشووەوە ده‌ستیان پێكردووه‌، به‌ڵام به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆڕۆناوه‌ نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ك پێویست كاری له‌سه‌ر بكه‌ن، وتیشی “به‌نیازین له‌هه‌فته‌ى داهاتووه‌وه‌ ده‌ست به‌ هه‌نگاوه‌كانى جێبه‌جێكردنى ئه‌و پڕۆژه‌یه‌مان بكه‌ین”.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، ئێستا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ له‌ گفتوگۆدان بۆ ده‌ستنیشانكردنى ئه‌و سه‌رچاوانه‌ى، كه‌ پێویسته‌ له‌ كتێبخانه‌كانى قوتابخانه‌كان هه‌بن.

دیارى وەستا عەزیز، ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه‌ “دەمانەوێت هاوشانى خوێندنى وانەى قوتابخانە، بایەخیش بە کتێب و کتێبخانەى قوتابخانەکان بدەین، کە بەداخەوە لە ماوەى رابردوودا وەک پێویست نەتوانراوە ئەو بوارە گرنگە ئاوڕى لێ بدرێتەوە”.