بۆ دانیشتووانی گوندەکانیشە
بنکەی نوێی تەندروستیی مەرزی پەروێزخان کرایەوە
964+
پێشەوا محەمەد
بنکەی نوێی تەندروستیی مەرزی پەروێزخان کرایەوە و سەرپەرشتیاری مەرزەکە دەڵێت، هاوڵاتیانی سنوورەکەش دەتوانن لێی سوودمەند بن.
بنکەکە بە شێوازێکی نوێ و مۆدێرن بە هەماهەنگیی نێوان بەڕێوبەرایەتی گشتیی تەندروستیی گەرمیان و بەڕێوبەرایەتی دەروازەی پەروێزخان دروستکراوە و چەندین هۆڵ و بەشی جیاواز لەخۆدەگرێت و ستافی پزیشکیی و تەندروستیی پێویستی بۆ دابینکراوە.
“بنکەکە لە بنەڕەتدا بۆ ئەوانەیە لەناو دەروازەکە ئیشوکاریان هەیە، بەڵام هاوڵاتیانی گوندەکانی دەوروبەری سنووری مەرزەکەش دەتوانن لێی سوودمەند بن”، ئەوە قسەی عەباس ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری دەروازەی پەرێوێز خانە بۆ 964.
دەشڵێت، “بنکەکە بەشی تاقیگە و قاوشی نەخۆشی نێر و مێ و چەندین بەشی تری هەیە و بڕیاری فروانترکردنیشی هەیە لە داهاتوو”.
دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، یەکێکە لەو دەروازانەی جموجۆڵێکی زۆری بازرگانی و گەشتیاری لە خۆدەگرێت لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران.