دوو کارمەندی چاودێری بازرگانی لە کاتی پشکنین بۆ مادە پاککەرەوەکان لە مارکێتێکدا - وێنە: فەرمانگەی میدیا و زانیاری
لە ماوەی 10 مانگدا
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی: 170 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوومان لەناو بردووە
964+
پێشەوا محەمەد
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی هەرێم دەڵێت، لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا، 170 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوویان لەناو بازاڕەکانی هەرێم لەناو بردووە و 70 شوێنیشیان داخستووە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم ئەمڕۆ سێشەممە 12.12.2023 بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی راگەیاندووە، لەو ماوەیەدا 330 ملیۆن دینار سزای دوکان و خواردنگەکانیان داوە.
هەروەها دەڵێت، “لیژنەی چاودێریی بازرگانی لە بازاڕەكان و مۆڵ و نانەواخانە و شوێنە خۆراكییەكان و كۆگاكاندا بەدواداچوونی بەردەوامیان هەیە، خواردن و كاڵای ماوەبەسەرچوو دەستیان بەسەردا دەگیرێت، شوێنی هەڵگرتنی كاڵاش لەبەرچاو دەگیرێت و بە پێی رێنماییەكان سزای لەسەرە”.
بە پێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بازرگانی هەرێم، لە 10 مانگی ئەمساڵدا زیاتر لە چوار هەزار و 800 بەدواداچوون لە بازاڕەکاندا کراوە و دوو هەزار و 700 سەرپێچییان تۆمار کردووە.
“هاوڵاتیان لە بارەی زۆریی نرخ و خراپیی كاڵا و بەسەرچوونیان، زۆر هاوكارن لە ئاگاداركردنەوەی لیژنەكانی چاودێریی بازرگانی، بۆیە هیوادارین بەردەوام لەسەر ئەو پرسانە لیژنەكانمان بە مەبەستی بەدواداچوون ئاگادار بكەنەوە”، نەوزاد شێخ کامیل وای وتووە.