964هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات
کارکردن لە کانە ئاسنێکی پێنجوێن راگیراوە
کامیار کەمال – پێنجوێن
بە پێی بڕیارێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کارکردن لە کانێکی ئاسنی قەزای پێنجوێن کە بە “ئاسن کوڵێن” ناودەبرێت راگیراوە.
چاوەڕێی رێنمایی نوێ دەکەن لە ساڵی نوێدا بۆ ئەوەی کارکردن تێیدا دەسپێبکاتەوە.
محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی لەو بارەیەوە بە 964ـی راگەیاند، بڕیارەکە لە وەزارەتەوە دەرچووە و بۆ کارکردنیش چاوەڕێن رێنمایی نوێ دەربچێت لە ساڵی نوێدا تا کارکردن دەستپێبکاتەوە و رێنماییەکانیش بۆ رێکخستنی جوگرافیا و ژینگەی کارکردنە لەگەڵ رێکاری کارگێڕیدا.
وتیشی، بڕیارەکە تەنیا کانی ئاسن دەگرێتەوە و کانە بەردەکان رۆژانە کاری خۆیان دەکەن.
هاوکات، زانا رەحمان، قایمقامی قەزای پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، تەنیا لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی بڕیارێکیان بۆ هاتووە، کە کارکردن لە کانی دەرهێنانی ئاسن کوڵێن رابگیرێت و هیچ روونکردنەوەیەکیان پێ نەدراوە.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەک، کە لە کانەبەردێکی پێنجوێندا کار دەکات، بە 964ـی راگەیاند، هۆکاری راگرتنی کارکردن لەو کانە بەردە ئەوەیە، دوو خاوەنی هەبووە و ئێستا جیابوونەتەوە لە یەکدی.
باسی لەوەش کرد، زیاتر لە دوو مانگە کارکردن راگیراوە و ئێستاش سێ بۆ چوار هەزار تۆن بەردی هاڕاوی تێدایە و ئامادەیە بۆ بارکردن.
ئەوەشی خستەڕوو هاڕاوەی ئەو بەردانە بۆ کارگەی چیمەنتۆ بەکاردێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر