تاوەری کۆمپانیایەکی هێڵی پەیوەندی لە ئیدارەی راپەڕین - وێنە: فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین
تا پێنج ملیۆن دینارە
سزای سەرپێچی تاوەرەکانی تەلەفزیۆن، ئینتەرنێت و رادیۆ و تەلەفۆن راگەیەندرا
964+
پێشەوا محەمەد
دەستەی ژینگەی هەرێم سزای سەرپێچیی ژینگەیی تاوەرەکانی تەلەفزیۆن، ئینتەرنێت, رادیۆ و تەلەفۆنی راگەیاند وسزاکەیان یەک تا پێنج ملیۆن دینارن.
بە پێی ئەو لیستەی 964 لە دەستەی ژینگەی هەرێمەوە دەستی کەوتووە، دیاریکردنی سزاکان بە پێی رێنمایی ژمارە 3ـی
ساڵی 2023ـیە کە دەستەکە بۆ بەدواداچوون بۆ سەرپێچییە ژینگەییەکان دەریکردووە.
لە لیستەکەدا هاتووە، ئەگەر تاوەرێک رەزامەندی ژینگەیی نەبوو چوار ملیۆن دینار سزاکەیەتی، ئەگەر بەدالەی مەرکەزی بەبێ رەزامەندیی ژینگە دانابوو پێنج ملیۆن دینار سزاکەیەتی.
لە سزاکانی دیکەدا هاتووە، ئەگەر تاوەری رادیۆ و تەلەفزیۆن بەبێ رەزامەندیی ژینگەیی داندرابوون پێنج ملیۆن و ئەگەر بەرزیشیان لە رێژەی دیاریکراو زیاتر بوو چوار ملیۆن دینار سزاکەیەتی.
ئەگەر تاوەرەکان سەوزایی نەبێت یان لەبری سەوزکردنی نەبێت چوار ملیۆن دینار سزاکەیەتی و نەبوونی نیشانەی ئاگادارکردنەوەش لەسەر تاوەرەکان دوو ملیۆن دینار سزاکەیەتی.
دەستەی ژینگە دەڵێت، ئەگەر مۆلیدەی تاوەرەکان دوکەڵ بکات یان ژاوەژاوی هەبێت ملیۆنێک دینار سزا دەیگرێتەوە و ئەگەر دەوروبەری مۆلیدەکەش بە رۆن یان گازوایل پیس بووبێت سێ ملیۆن و ئەگەر سیاجیشی نەبێت دوو ملیۆن دینار سزاکەیەتی.
“دەستەی ژینگە بە پێی رێنماییەکی دیاریکراو ئەو سزایانەی لەپێناو تەندروستهێشتنەوەی ژینگە داناوە و پەسەند کراوە و لە رێگەی لیژنەکانەوە جێبەجێ دەکرێت”، ئەوە قسەی رەزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمە بۆ 964.
وتیشی، “ئامانج لەو کارە پاراستنی ژینگە و کەشوهەوای هەرێمە بە پاکی و جوانی”.