گەیاندنیش هەیە
لەم چایخانەیەی پێنجوێن نانی بەیانی وەک پاشا بخۆ
+964
کامیار کەمال – پێنجوێن
چایخانەیەک لە قەزای پێنجوێن بۆ نانی بەیانی زیاتر لە 16 جۆر مشەکەلی بەیانیان پێشکەش دەکات.
بە گوێرەی وتەی خاوەنەکەی، بەشێکی زۆری خواردنەکانی کوردی و خۆماڵین و خواستێکی زۆری لەسەرە و گەیاندنیشیان هەیە.
لەمبارەیەوە هێمن جەمال، خاوەنی چایخانەکە بە 964 ی راگەیاند، بیرمان لەوە کردەوە کارێکی جیاواز بکەین، کە لەسەر ئاستی قەزای پێنجوێندا نەکرابێت بۆ ئەوەش بژارەی نانی بەیانیان خستووەتە بەردەم کڕیارەکانیان.
وتیشی، ماوەی مانگێکە دەستیان کردووە بە پێشکەشکردنی نانی بەیانی و زۆر سەرکەوتوو بووە و کڕیارانیان دوو هێندە زیادی کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، بەیانیان خواردنەکانیان کەرەی کوردی زەنگکراو، هەنگوین، گوێز، ماست و چەندان جۆر مرەبا و دۆشاوی جیاواز پێشکەش دەکەن.
هەروەها باسی لەوەش کرد، سێتی خواردنی یەک نەفەری تا چوارنەفەرییان هەیە و لەبەر ئەوەی جێگاکەیان بچووکە، بەشێکی زۆری داواکارییەکانیان گەیاندنە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا