سەرەتای 2024 دەستپێدەکات
قایمقامیەتی سلێمانی: بەم نزیکانە مەیدانی ئاژەڵان دەگوازینەوە
964+
ژووری هەواڵ
قایمقامیەتی سلێمانی وادەیەکی نزیکی بۆ گواستنەوەی مەیدانی کڕین و فرۆشتنی ئاژەڵان دیاریکرد و دەڵێت، لەپێناو پاراستنی ژینگە و تەندروستی گشتی ئەو کارە دەکەن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی قایمقامیەتی سلێمانی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 7.12.2023 بڵاویکردووەتەوە، ئەو شوێنە نوێیەی کە بۆ مەیدانی کرین و فرۆشتنی ئاژەڵان دیاریکراوە بەجۆرێک دیزاین دەکرێت کە لەگەڵ کارو پیشەکە و گۆرانکارییە ناوچەیی و سەردەمییەکاندا بگونجێت.
د.شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری کوشتارگەری سلێمانی بە 964ـی وت، بڕیارە لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی داهاتوو یەکەم قۆناغی گواستنەوەی کوشتارگەکە جێبەجێبکرێت و “لە شوێنە نوێیەکە جێگەی هەزاران سەر ئاژەڵ دەبێتەوە”.
مەیدانی ئاژەڵانی ئێستای سلێمانی کەوتووەتە نزیک گەڕەکی وڵوبە لە بەشی رۆژئاوای سلێمانی، بەهۆی نزیکییەوە لە ناوچەی نیشتەجێبوون و ئەو بۆنەی هەیەتی، بێزاریی لای دانیشتوانی ئەو ناوچەیە دروست کردووە و داوای گواستنەوەی دەکەن.
مەیدانە نوێکە لە 15.3.2023ـەوە لەسەر رووبەری 80 دۆنم زەوی لە نزیک گوندی یەخی ماڵی سەر بە ناحیەی عەربەت دروستدەکرێت و بوودجەی پڕۆژەکەش 10 ملیار دینارە.