گروپێکی حەشدی شەعبی ئەو زەویانەی کڕیووە

لەسەر کێشەی زەوی دوو جوتیار لە گوندێکی خورماتوو بریندارن

964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە گوندی سنگوری قەزای خورماتوو لەسەر کێشەی کێڵانی زەوی ژمارەیەک جوتیاری گوندەکە رووبەڕووی یەک بوونەوە، گروپێکی حەشدی شەعبی لایەنێکی کێشەکەی نێوان ئەو جوتیارانە بووە هاتوونەتە شوێنەکە و تەقەیان کردووە و دوو جوتیاریان بریندار کردووە.

رووداوەکە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە بووە، سەباح سنگوری موختاری گوندی سنگور بە 964ـی وت، ئەمڕۆ کاتێک سەردانی زەوییەکانمان کرد کە نزیکەی دوو هەزار دۆنم زەوی دەبێت و ماوەیەکی زۆرە سەردانیمان نەکردبوو، ژمارەیەک جوتیار لەوێ بوون کە لە عەشیرەتی ئا‌غاکان بوون، دوای دەمەقاڵێیەکی زۆر، ئەوان دەیانوت ئەو ئەرزانە هی ئەوانە و لەسەڵانی هەشتاکانەوە بەناوی ئەوانەوەیە و لەدوای رووداوەکانی ئۆکتۆبەری2017 فرۆشرۆشتوویانە بە گروپێکی حەشدی شەعبی.

ئەو موختارە وتیشی، “دوای ئەوەی ئەوان پەیوەندییان بەو گروپەی حەشدی شەعبیەوە کردووە، هاتن و بەتەقەی هەڕەمەکی دوو جوتیاریان لێ بریندار کردین پاشان بەزەبری هێز دوریانخستینەوە”.

کێشەکە چییە؟

بەپێی بەدواداچوونی 964 ئەو زەوییانە نزیکی گوندی سنگورن کە دانیشتوانەکەی سەرجەمیان کوردن، پێش رووداوەکانی ئۆکتۆبەری2017 جوتیارانی گوندی سنگور تۆیان دەکرد، بەڵام دوای ئەو کاتە چەند کەسێک کە لە عەشیرەتی ئاغاکانی ئەو ناوچەیەن ئەو زەوییانەیان فرۆشتووە بە گروپێکی حەشدی شەعبی و وتویانە ئەو زەویانە بە تاپۆ هی ئەوانە و مافی فرۆشتنیان هەیە.

964 هەوڵی دا چەند کەسێک لە عەشیرەتی ئاغاکان بدوێنێت، بەڵام ژمارەکەیان بەردەست نەبوو.

عەلی هاشم حوسەینی وتەبێژی فەرمی میحوەری باکوری حەشدی شەعبی بە964ی وت، ئەوان ئاگاداری ئەو زەویانە هی لایەنی بەرامبەرە کە بە عەشیرەتی ئاغاکان ناسراون، ئەو گروپەی حەشدی شەعبی لەدوای رووداوەکانی 2017 کڕیویانە و ئێستا هی ئەوانە.

عەلی هاشم وتیشی، هەر لەرێی دادگاوە بەناویان کراوە و ئەگەر لایەنی بەرامبەر دەزانن لەسەر حەقن با بچن لە دادگا سکاڵا تۆمابکەن.

964 زانیویەتی بڕیارە رۆژی یەکشەممە هەردوولا لەبەردەم دادگا ئامادە بن بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکەیان.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

ده‌یویست بچێته‌ به‌غدا و له‌ نزیك دوزخورماتوو گیانى ...

ده‌یویست بچێته‌ به‌غدا و له‌ نزیك دوزخورماتوو گیانى له‌ده‌ست دا