سزای مادیی تا وەرگرتنەوەی مۆڵەت هەیە
هەفتانە دوو جار سەردانی ئەو بریکارانەی خۆراک دەکرێت کە سکاڵایان لەسەرە
964+
فەهمی نەبی
لیژنەیەکی پسولەی خۆراکی هەولێر هەفتانە سەردانی بریکارەکانی خۆراک دەکەن بۆئەوەی سەرپێچییەکان دیاریبکەن، بەڕێوەبەری پسولەی خۆراک لە هەولێر دەڵێت، سزای پێبژاردن تا وەرگرتنەوەی مۆڵەتمان بەرامبەر بریکارەکان هەیە.
سکاڵای هاوڵاتیان جۆراوجۆرە هەیە دەڵێت پارەی زیادەمان لێوەردەگیرێت، هەیانە دەڵێت مشک و جرج لەناو کەلوپەلەکان بینراوە، هەیانە دەڵێت تەرازووەکەی تەواو نییە، بریکار هەیە ئەو سەرپێچیانەی نییە، بەڵام هەڵسوکەوتی لەگەڵ هاوڵاتی باش نییە، ئەمە بەپێی وتەی بەڕێوەبەری پسولەی خۆراکی هەولێر.
سیامەند قادر بەڕێوەبەری رێکخستنی پسولەی خۆراکی هەولێر بە 964ی وت، هەفتانە دووجار سەردانی ئەو بریکارانەی خۆراک دەکرێت کە سکاڵایان لەسەرە یان گومان دەکرێت شوێنی هەڵگرتنی خۆراکیان تەندروست نەبێت.
ئەوەشی وت، ئەو بریکارانەی سەرپێچی دەکەن سزا دەدرێن تا ئاستی لێوەرگرتنەوەی مۆڵەتی بریکاریەکەی، سزای مادی دەکرێن لە 250 هەزار تاوەکو 500 هەزار دینارە، ئەگەر سەرپیچییەکە دووبارە بکاتەوە، مۆڵەتەکەی لێ وەردەگیرێتەوە یەکەمجار بۆماوەی سێ مانگ، ئەگەر بەردەوام بوو ئەو کات مۆڵەتەکەی بەیەکجاری لێ وەردەگیرێتەوە.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو بریکارانەی خۆراک کە مۆڵەتیان لێ وەرگیراوەتەوە، سیامەند قادر دەڵێت، ئەمساڵ مۆڵەت لەهیچ بریکارێکی خۆراک وەرنەگیراوەتەوە، بەڵام ساڵی پار مۆڵەت لە ژمارەیەک بریکاری خۆراک وەرگیرایەوە.
لەسنووری پارێزگای هەولێر، دوو هەزار و 82 بریکاری دابەشکردنی خۆراک و هەزار و 239 بریکاری دابەشکردنی ئارد هەن.