بەڵام بە مەرج
هاتوچۆ لە سزای دواکەوتنی گرێبەستی ئەلیکترۆنی خۆشدەبێت
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی ناوخۆ لە سزای پێبژاردنی ئەو شۆفێرانە خۆشدەبێت کە لە یەک کاتدا دوو گرێبەستی ئەلیکترۆنیان بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان کردووە و لە گرێبەستی یەکەمدا گواستنەوەی خاوەندارێتیان دواخستووە.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە نوسراو هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی ئاگادارکردووەتەوە کە رەزامەندی وەرگیراوە بۆ لێخۆشبوون لە سزای دواکەوتنی گرێبەستی ئەلیکترۆنی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە یەک کاتدا دوو گرێبەستیان بۆ کراوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6.12.2023، عەلی عەبدوڵا، وتەبێژی هاتوچۆی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، ئەو بڕیارە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە لە پێش رێکەوتی 1.11.2023 دوو گرێبەستەکانیان کردووە، بەڵام گرێبەستی یەکەم هەڵنەوەشاوەتەوە.
بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی یەکەم، بڕی 20 هەزار دینار لە شۆفێر وەردەگیرێت، سزای پێبژاردنەکەش لادەچێت.
بەپێی یاسا، دەبێت لە ماوەی 60 رۆژدا لەدوای گرێبەستی ئەلیکترۆنی، ئەو کەسەی ئۆتۆمبێل دەکڕێت، گواستنەوەی خاوەندارێتی ئەنجامدات، ئەگەرنا لەدوای ئەو ماوەیە، هەر رۆژەو بڕی 10 هەزار دینار پێبژاردنی بۆ دەکرێت.
وتەبێژی هاتوچۆی راپەڕین بە 964ـی وت، بەهۆی هەڵنەوەشاندنەوەی گرێبەستی یەکە، شۆفێر هەیە چەندین ملیۆن دینار پێبژاردنی بۆ کراوە و قەرزارە، “بەڵام لەدوای ئەم بڕیارە، بە 20 هەزار دینار لێیخۆشدەبن”.