دوو کەسیش دەستگیرکراون
ئەمساڵ زیاتر لە هەشت هەزار دۆنم زەوی لە پێنجوێن سووتاوە
کامیار کەمال – پێنجوێن
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن لەمساڵدا زیاتر لە هەشت هەزار دۆنم زەوی و پوش و پاوان ودارستان لە سنوری قەزای پێنجوێن سووتاون.
رۆژی 19.6.2023 یەکەمین ئاگری ئەمساڵ لە قەزای پێنجوێن تۆمارکراو بەهۆیەوە 500 دۆنم زەوی سووتا، لەگەڵ ئەوەدا بەهۆی بۆردوومانی درۆنی تورکیاش شاخێک بەتەواوی سووتا کە سنووری لەگەڵ شارباژێڕ و پێنجوێندایە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6.12.2023 موقەدەم عادل جەلال بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، لە ئەمساڵدا لەقەزای پێنجوێن 30 ئاگر کەوتووەتەوە و هەشت هەزار و 893 دۆنم زەوی سووتاوە و بەشێکی سەرچاوەی ئاگرەکان نادیارن وبەشێکیشیان لە ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت.
بەوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن، لەمساڵدا دوو کەسیان دەستگیرکردووە لەسەرکردنەوەی ئاگر و دوای ئەوەی تۆمەتباران دەستگیردەکرێن و رادەستی دادگا دەکرێن لەوێ بەگوێرەی زیانەکە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت وبەشێوەیەکی گشتی سزاکانیان پێبژاردن و زیندانیکردنە.
ئەوەشی خستەڕوو، هەندێک هاوڵاتی بە مەبەست ئاگر دەکەنەوە بۆ لەناوچوونی دارودرەخت و دەیانەوێت ئەو شوێنە بکەنە زەوی کشتوکاڵی و هەندێ کاتیش پایەگاکانی ئێران بۆ ئەوەی دەوروبەری خۆیان لە پوش و پەڵاش پاک بکەنەوە ئاگر لە چواردەوری دەکەنەوە، بەڵام دوای ئەوەی دوورکەوتەوە لێیان وازی لێدەهێنن و نایکوژێننەوە.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی پێنجوێن دەڵێن، هیچ ئامێرێکی ئاگرکوژێنەوەیان نیە، تەنیا ئامێرێکی هەوایان هەیە.
لەو 30 ئاگرەی کە ئەمساڵ لە پێنجوێن کەوتووەتەوە، 23 ئاگریان سەرچاوەکەی نادیار بووە و سێ ئاگریش لە ئێرانەوە بووە یەک ئاگر بەهۆی هەورەبرسکەوە کەوتووەتەوە و یەک ئاگریش بەهۆی تەقینەوەی مین بووە و دوو هاوڵاتیش ئاگریان کردووەتەوە و لە کۆنترۆڵ دەرچووە.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی