سزای بەدواوەیە
رێنمایی سەلامەتی بە کارمەندی کارگەکانی ئیدارەی راپەڕین دەدرێت
964+
پێشەوا محەمەد
فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین هەڵمەتێکی هۆشیاریی سەلامەتی بۆ کارمەندی کارگەکان راگەیاندووە و ئەو کارمەندانەش سزا دەدرێن، کە پابەند نەبن.
فەرمانگەکە کارەکە لە رێگەی لیژنەیەکەوە دەکات و زیاتر بۆ بەکارهێنانی دەمامک، دەستکێش، عەینەک و سەماعەی بێدەنگکەرە.
محەمەد کەریم، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین بە 964ـی وت، “ئەو هەڵمەتە هەیە و ئێستا لە کارگەکانی رانیە و چوارقوڕنە و حاجیاواداین و دوای ئەوانیش هەڵمەتەکە بۆ کارگەکانی قەزای پشدەر دەگوازینەوە”.
وتیشی، “هەڵمەتەکە بۆ سەلامەتیی کارمەند و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی دەستەی ژینگەیە، ئەگەر کرێکارێک پابەند نەبێت، ئێمە ئیدارەی کارگەکەی لێ ئاگادار دەکەین سزا بدرێت، ئەگەر سزاش نەدرا ئێمە کارگەکە بە کەمتەرخەم لە قەڵەم دەدەین”.
بەهۆی ئەوەی کارگەکان هەندێکیان داخراون و هەندێکیان لە پڕۆسەی مۆڵەتدان و هەندێکیشیان بێمۆڵەتن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی راپەڕین هیچ ئامارێکی سەبارەت بە ژمارەی کارگەکانی ئیدارەی راپەڕین نەدرکاند.
“زۆرینەی کارگە بێمۆڵەتەکان کەوتوونەتە ناحیەی حاجیاواوە و دۆسیەی هەمووشیانمان داوە بە داواکاری گشتی”، ئەوەش قسەی محەمەد کەریمە.