حاسڵاتی ئەم بەیانییە
یەک ملیۆن و 800 هەزار کەس ئاوارە بوون
964+
ژووری هەواڵ
ئەم کاتەتان باش،
فەرموون ئەمە حاسڵاتی غەزەو دەرودراوسێیە بۆ ئەم پێشنیوەڕۆیە:
…..
رۆژێکی سەخت بۆ فەلەستینییەکان دەستی پێکرد، ئەم پێشنیوەڕۆیە بۆردومانی سەر غەزە زۆر چڕ بوو، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند 400 ئامانجی لە غەزە پێکەوە، لە ئاسمان و زەوی و دەریاوە بۆردومانی شارەکەی کردووە.
دەستەی سەربەخۆیی فەلەستین بۆ مافی مرۆڤ دەڵێت: ژمارەی ئاوارەکانی غەزە گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 800 هەزار کەس.
سەرییەکانی قودس دەڵێن بە قورسی رووبەرووی سوپای ئیسرائیل بوونەتەوەو رێیان لە پێشڕەوی سوپاکە گرتووە لە غەزە.
سوپای ئیسرائیل دانیشتوانی باکوری غەزەی ئاگادارکردووەتەوە کە لەماوەی چەند کاتژمێری داهاتوودا ماڵ و حاڵیان چۆڵ بکەن، ئەفیخای ئەدرعی وتەبێژی سوپا نەخشەیەکی لەسەر تۆڕی ئێکس بڵاوکردووەتەوەو دەڵێت ئەو ناوچانە زوو چۆڵبکەن.
وتەبێژی بەرگری شارستانی باکوری غەزە دەڵێت حەفارە و شۆفڵ و کەلوپەلە سەرەکییەکانیان لەکار کەوتوون و ناتوانن بەئاسانی خەڵک لەژێر دارو پەردوو دەربهێننەوە.
ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە کە ئیسرائیل سێ سەرکردەی حەماسی لە پلانەکانی خۆیدا داناوە، ئەوانیش بریتین لە محەمەد زەیف فەرماندەی باڵی سەربازی حەماس و یەحیا سنوار بەرپرسی حەماس لەغەزەو مەروان عیسا سەرکردەی دیاری ئەو بزوتنەوەیە، بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن تا ئەو سیانەو ماڵ و منداڵیان نەکوژرێن شەڕ لە غەزە ناوەستێت.