"بە قەبارەیەكی گەورەتر بەشداربن لەگەڵمان"
مامۆستایانی ناڕازی بۆ مامۆستایانی ئایینی: لە وتاری هەینی پشتیوانمان بن
964+
ژووری هەواڵ
مامۆستایانی ناڕازی داوا لە مامۆستایانی ئایینی دەکەن سبەی لە وتاری هەینیدا پشیگیریان بکەن و هانی هەمووان بدەن شانبەشانی ئەوان بەشداری لەو خۆپیشانەدا بکەن کە بۆ رۆژی یەکشەممە بڕیاریانلێداوە.
لە پەیامێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 30.11.2023 بڵاوکراوەتەوە، مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، “ئێستا كاتی هەماهەنگی و پشتیوانییە با ئێمە وەك دوو توێژی نزیك لە یەكتر كە كاری هەردووكمان پەروەردە و چاكەخوازییە پشتیوانی یەكتر بین”.
عەلی رەئوف، نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بە 964ـی راگەیاند، دەیانەوێت ئەمجارە خۆپیشاندانەکە فراوانتر بێت، “هەرچەندە لە دهۆک و هەولێر بەردەوام رێگریکردن هەیە”.
دەقی پەیامەکەی مامۆستایانی ناڕازی:
بِسْمِ اللَّـهِ الرَّحْمَـٰنِ الرَّحِيمِ
بۆ بەرێزان مامۆستایانی ئاینی
وَلَا تَلْبِسُوا الْحَقَّ بِالْبَاطِلِ وَتَكْتُمُوا الْحَقَّ وَأَنتُمْ تَعْلَمُونَ (42) البقرە.
بابەت: داواکاری
پرسیارکرا لە پێغەمبەر (صلی اللە علیە و سلم) ئایا کام جۆرە جیهاد و تێکۆشانە باشترینە لە وەڵامدا فەرمووی:
“كلمةُ حقٍّ عند سلطانٍ جائرٍ”
واتە وتنی وتار و قسەی راست و رەوا بە گوێی کاربەدەستی ناڕاست و ناڕەوادا.
بەڕێزان مامۆستایانی ئاینی قەدر گران و بە هەڵوێست
وەك ئاگادارن ئەوە بۆ سێ مانگ دەچێت ئێمە لەسەر شەقامین و بایكۆتی ناوەندەکانی خوێندنمان کردوە، بەشێكی زۆرتان شاهید و بەشداری سەرجەم چالاكییەكانمان بوون، بۆ ئەو بەشداریانەتان پێزانینمان هەیە، بەڵام چاوەڕوانی زیاتریشمان لێتان هەیە بۆ رۆژی یەك شەممە
لەژێر رۆشنایی ئەم ئایەت و فەرمودانەدا داواکارین لە میراتگرانی پێشەوامان و وتارخوێنانی ڕۆژی هەینی.
یەكەم/ بە قەبارەیەكی زۆرتر و گەورەتر بەشداربن لەگەڵمان لە خۆپشاندانەکان.
دووەم/ لە ڕۆژی هەینی بەشێك لە وتارەكانتان تەرخان بكەن بۆ ئەو خەباتە سپییە ڕەوایەی مامۆستایان هەم هانی خەڵك بدەن لەگەڵمان بەشداربێت و پشتیوانبێت.
چونكە ئێوە لە ئێمە باشتر دەزانن كە ئەم دەسەڵاتە چەندە زاڵمە بەڵام بەهۆی نەبوونی یەكێتیەك لەنێوان چین و توێژەكان ئەو زوڵمە هەر زیاتر و زیاتر دەبێت.
ئێمەش باش دەزانین كە ئێوەش بێزار و ناڕازین لە زوڵم و ستەم و پشتیوانی گەلی ستەمدیدەو ماف خوراون چونکە خۆتان تێکەڵترین و ئاگادارترین چینی کۆمەڵگەن، ئێمە دەزانین کە تا ئێستا بەڕێژەیەك خاتری ئەم دەسەڵاتەتان گرتووە لە بەر خاتری خۆیان نا لەبەر خاتری خەڵك و گەل و نیشتمان.
بەڵام ئێستا كاتی هەماهەنگی و پشتیوانییە با ئێمە وەك دوو توێژی نزیك لەیەكتر كە كاری هەردووكمان پەروەردە و چاكەخوازییە پشتیوانی یەكتربین و ببینە سەرەتای یەكگرتنی كۆمەڵگا و کۆتای هێنان بە زوڵم و ستەم و نادادی.