لە بازاڕی خانەقین دانراوە
سندوقێکی هەڵمەتی خێرخوازی دەبێتە فریادڕەسی سەدان کەس
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
ماوەی پێنج ساڵ دەبێت کۆمەڵێک چالاکوان لەناو بازاڕی خانەقین سندوقێکیان داناوە هەڵمەتی خێرخوازی بەڕێوە دەبەن، خۆیان دەڵێن، “هەڵمەتەکەمان بووەتە هۆکاری یارمەتیدانی سەدان خەڵکی بێلانە”.
عەلی تاڵب چالاکوانێکی خانەقینە و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی ئەو پڕۆژەیە بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، بیرۆکەی ئەم هەڵمەتە بۆ سەردەمی کۆڕۆنا دەگەڕێتەوە، لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ چەندین خێزان ماڵی بۆ دروستکراوە.
هێندە نا، ئەو چالاکوانە دەڵێت، لە خانەقین خەڵکێکی زۆریش هەیە موچەی بۆ بڕاوەتەوە و دەیان خوێندکاریش لەسەر ئەرکی خێرخوازێک خوێندنی کۆلیژ دەخوێنن.
بەگوێرەی وتەی عەلی تاڵب، تا ئێستا زیاد لە 100 نەشتەرگەری بە کۆمەکی خێرخوازان ئەنجامدراوە.
ئەو چالاکوانانە نوێترین هەڵمەتیان بۆ کچێکی 19 ساڵەی خوێندکاری زانکۆیە کە دووچاری نەخۆشی شێرپەنجە بووە، ئەمڕۆ دووەم رۆژە و دەیانەوێت بڕی پارەکە بگاتە سێ ملیۆن و نیو.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی