چایچیەک بەهۆی دەستکاریکردنی چەک گیانی لەدەستدا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

شەوی رابردوو گەنجێک لە شاری هەڵەبجە بەهۆی دەستکاریکردنی چەک، فیشەکێکی بەرکەوت و بە سەختی بریندار بوو، بەیانی ئەمڕۆ بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا.

بەرزان عوسمان وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە بە 964+ی راگەیاند، رووداوەکە لە کاتژمێر 7ی ئێوارە لەناو بازاڕی هەڵەبجە روویداوە و گەنجەکە لەبەر سەختی برینەکەی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە.

ژیار حسێن مەحمود پیشەی چایچی بووە لە هەڵەبجە، تەمەنی 24 ساڵ بوو.

بە وتەی پۆلیسی هەڵەبجە، هاوڕێیەکی ژیار کە خاوەنی دەمانچەکەیە و تەمەنی 22 ساڵە بەپێى ماددەی 411ی یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە.

لە ماددەی 411ی یاسای سزادانی عێراقیدا هاتووە، هەرکەسێک لە رێگای بەکارهێنانی چەک کەسێک بریندار بکات، ئەوا سزا دەدرێت بە زیندانیکردن کە زیاتر نەبێت لە سێ ساڵ و پێبژاردن بە بڕێک کە زیاتر نەبێت لە 250 هەزار دیناری عێراقی.