حاسڵاتی ئەم ئێوارە

فەلەستین: ئیسرائیل ئاگربەستی شکاندووە

964+

ژووری هەواڵ

سبەی وادەی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل تەواو دەبێت، هەوڵێکی جدی هەیە بۆ درێژکردنەوەی، فەرموون ئەمە حاسڵاتی رووداوەکانی غەزەو دەرودراوسێیە.
……
ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی دەڵێت ئەمڕۆ بۆ دووەمجار سوپای ئیسرائیل پێشێلی ئاگربەستی کردووە، جارێک سەربازەکانی تەقەیان لەخەڵک کردووەو جارێکی تریش بەلەمە سەربازییەکان تەقەیان لە ماڵی هاوڵاتیان کردووە.

لیستی شەشەمی ئەو فەلەستینیانەی ئازاد دەکرێن ئەمجارە ناوی ئەو کەسانەی تێدایە کە لەناو ئیسرائیل دەژین، ئەمەش یەکەمجارە رووبدات، چونکە لیستەکانی پێشوو هەمووی ئەوانە بوون کە لەناوچەی دەسەڵاتی فەلەستینیدا ژیاون.

کەناڵی 12ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە: ئیسرائیل پێشنیارێکی حەماسی رەتکردووەتەوە بۆ ئەوەی هەموو دیلەکانی یەکتری ئازاد بکەن، ئیسرائیلییەکان وتوویانە جارێکی تر ئەزموونی پێشوو دووبارە ناکەیەنەوە.

یائیر ناتەنیاهۆ گەڕایەوە بۆ ئیسرائیل و لە ریزی تیمە فریاگوزارییەکان کاردەکات، ئەم کوڕەی ناتەنیاهۆ هەرای زۆری لەسەربوو، چونکە لەناوخۆی ئیسرائیل لۆمەی دەکرا بەهۆی ئەوەی وڵاتەکەیان لەشەڕدایە و ئەویش لە ئەمریکا.

سوپای ئیسرائیل و شاباک لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دەڵێن لەشاری جەنین دوو سەرکردەی دیاری سەربازی فەلەستینیان کوشتووە.

وتەبێژی حکومەتی ئیسرائیل دەڵێت: هەرچی لەدەستمان بێت بۆ ئازادکردنی دیلەکان دەیکەین، بەڵام ناتوانین هیچ گەرەنتییەک بدەین بۆ بەردەوامی ئاگربەست.