درۆنێکی هاوپەیمانان لە جێژنیکان کەوتە خوارەوە

+964

فەرمان سادق

کەمێک پێش ئێستا، درۆنێک لە ئاقاری گوندی جێژنیکان کەوتە خوارەوە.

بەپێی بەدواداچوونی +964، درۆنەکە نزیک کاتژمێر 7ـی ئێوارەی ئەمڕۆ 29ـی کانونی یەکەم، بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کەوتووەتە خوارەوە، نە تەقیوەتەوە.

کەوتنە خوارەوەی ئەو درۆنە لە کاتێکدایە پێشتر کۆماری ئیسلامی ئێران، هێرشی موشەکی و درۆنی کردبووە سەر بنکەو بارەگای حزبی دیموکرات لە گوندی جێژنیکان، ئەمەش گومانی ئەوەی دروستکردووە کە هێرشێکی دیکە بێت بۆ سەر حزبەکانی رۆژهەڵات.

+964 لە زیاد لە سەرچاوەیەک لەناو ئاسایشی هەولێر و بەحرکە، زانیاری ئەوەی دەستکەوتووە کە درۆنەکە ئێرانی نەبووە، بەڵکو هی هاوپەیمانان بووە، درۆنێکی چاودێری بووە.

گوندی جێژنیکانی فازڵ ئاغا، دەکەوێتە سنووری ناحیەی بەحرکەی سەر بە قەزای خەبات، نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەولێر دوورە، دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی هەولێر.

لەو گوندە، بارەگای میرەی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە و بارەگای حزبی دیموکراتی کوردستانی لێیە، پێشتر ئێران بە موشەک و درۆن هێرشی کردبووە سەر بارەگای حزبی دیموکرات.

تۆڵە مەهدی خۆشناو، بەڕێوبەری ناحیەی بەحرکە بە +964ـی وت: درۆنەکە دوای کاتژمێر پێنجی ئێوارە بووە، خەڵکی ناوچەکە هێزەکانی ئاسایشیان لە بوونی درۆنەکە ئاگادار کردۆتەوە.

“هێزەکانی ئاسایش چوونەتە شوێنی مەبەست، دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە، دواتر بۆ رای گشتی ناسنامەی درۆنەکە رادەگەیەنین کە درۆنەکە ئێرانی بووە یان نا”.

دژە تیرۆری کوردستان، لەبارەی درۆنەکەوە دەڵێ: فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی چاودێریی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە لە چۆڵه‌وانییه‌كی نزیک جێژنیكانی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی به‌حركه‌ی پارێزگای هه‌ولێر كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و هیچ زیانێكی لێ نه‌كه‌وتەوە.

لە راگەیەنراوێکدا کە لە پەیجی خۆیان لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویان کردووەتەوە هاونیشتمانییان دڵنیا دەکەنەوە، کە رووداوەکە هیچ جێی مەترسیی نییە.

+964 بیرتان دەخاتەوە، شەوی 21ـی تشرینی دووەمی رابردوو، ئێران بەدوو درۆن هێرشی کردە سەر کەمپی جێژنیکان ، کە بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵات و زیاد لە ١٠٠ مالی لێیە.