پاڵەوانیەتییەکی چوارقۆڵی دەستیپێکرد

هەڵبژاردەی کورتەباڵاکانی عێراق لە سلێمانی دەستنیشان دەکرێت


رێژوان مامە قادر – سلێمانی

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ پاڵه‌وانیه‌تیی تۆپی پێی كورته‌باڵاكانی عێراق لە شاری سلێمانی بە بەشداری چوار یانە دەستیپێکرد، بڕیارە لە پاڵەوانیەتییەکەدا هەڵبژاردەی عێراق دەستنیشان بکرێن.
له‌ یاریی دەستپێکی پاڵەوانیه‌تییەکەدا یانەی کورتەباڵاكانی سلێمانی بە پێنج گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە یانەی شەباب خەیراتی بردەوە.

هەر سەرلەبەیانی ئەمڕۆش یانەی کەرکوک و یانەی جیهاتی کوت بەریەککەوتن و یارییەکەش چوار گۆڵ بە دوو گۆڵ لە بەرژەوەندی جیهاتی کوت کۆتایی هات.
سبەینێ یەکشەممەش یانەی سلێمانی لەگەڵ کەرکوک و جیهاتی کوتیش لەگەڵ شەبابی خەیرات بەریەک دەکەون و پاڵەوانیه‌تییەکە کۆتایی دێت.
نەجات عەبدولڕەحمان، راهێنەری یانەی کورتەباڵاكانی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، قورسترین یاریی خولەکەیان بردەوە چونکە یانەی بەرامبەریان زۆر بەهێز بوون و هەست دەکات دەبنە یەکەمی پاڵەوانیەتییەکە.

وتیشی، “پاڵەوانیەتییەکە بۆ هەڵبژاردنی باشترین یاریزانەکانە بۆ هەڵبژاردەی عێراق”.

هەڵوێست عەلی، یاریزانی یانەی سلێمانی بە 964ی راگەیاند، لە ساڵی 1994ـەوە پەیوەندی کردووە بەو یانەیەوە و دڵی خۆشە بە یارییەکەی ئەمڕۆ و دەڵێت، “دەمانەوێت یەکەم بین”.

نەجات محەمەد، یاریزانی یانەی کەرکوکە و بە 964ی وت، “لە یاریی یەکەم دۆڕاین، بەڵام هەوڵدەدەین لە یاریی داهاتوو باشتر بین و گرنگە ئەو جۆرە پاڵەوانیەتییانە ساڵانە هەبن”.
عومەر جەبار، سەرۆکی کۆمەڵەی کورتەباڵاکانی کوردستان بە 964ی راگەیاند، سازدانی پاڵەوانیەتییەکە لە سلێمانی گرنگە.
وتیشی، “سەرەڕای کێشە و گرفتەکان بارودۆخی تیپه‌كانی ئێمه‌ له‌ تیپه‌كانی عێراق باشتره‌”
ئەوە دووەم جارە ئەو پاڵەوانیەتییە بەڕێوەدەچێت و یەکەمجار ساڵی 2001 لە شاری بەغدا بەڕێوەچووە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا