چەندی تێچووە؟

خێرخوازێك سه‌نته‌ری شووشتنی گورچیله‌ له‌ قه‌ڵادزێ كرده‌وه‌

964+
محەمەد عەلی ــ قەڵادزێ

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 25.11.2023 له‌ رێوڕه‌سمێكدا سەنتەرێكی شووشتنی گورچیلە لە قەڵادزێ لەسەر ئەرکی خێرخوازێك کرایەوە.

ته‌ها محەمەد لێپرسراوی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی تەندروستی راپەڕین بە 964ـی وت،” لە پێناو سەلامەتی و کارئاسانی بۆ هاوڵاتیانی پشدەر، ئه‌مڕۆ لە قەڵادزێ سەنتەری گورچیلەی دەستکرد کرایەوە، لەهەموو ئیدارەی راپەڕین یەک سەنتەری گورچیلەی دەستکرد هەیە، ئەوەش لقێک دەبێت لەو سەنتەرە، شوێن و ئامێر و و بینایەکەی لەلایەن خێرخوازێکی پشدەرەوە دابین کراوە.

وتیشی، “لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی راپەڕینەوە، بەشێک لە ئامێرەکان و پێداویستیە پزیشکییەکان و کارمەندی تایبەتی بۆ دابین کراوە، ئه‌مڕۆش بە رووی هاوڵاتیاندا کرایەوە.”
“سەنتەرەکە حەوت ژووری داخڵکردنی نەخۆش لەخۆدەگرێت، تایبەتە بەو کەسانەی تووشی نەخۆشی گورچیلە هاتوون، یا پەککەوتنی گورچیلەیان هه‌یه‌ و پێویستیان بە شووشتنی گورچیلە هەیە و لە سەنتەرەكه‌ بۆیان ئەنجام دەدرێت”، ته‌ها محه‌مه‌د وای وت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، نەخۆش هەیە هەفتەی دوو تا سێ جار پێویستی بە شووشتنی گورچیلەکانی هه‌یه‌، بۆیه‌ ئیتر له‌مه‌ولا پێویست ناکات هاوڵاتیانی سنوورەکە، روو لە رانیە یان ناوچەکانی دیكه‌ بکەن و لە سەنتەرەكه‌ی قه‌ڵادزێ شووشتنیان بۆ ده‌كرێت.
رەحیم حاجی، یه‌كێك له‌ کەسوکاره‌كانی خێرخوازەکەیه‌، بە 964 وت،”تێچووی سەنتەرەکە 270 هەزار دۆلار بووە تا تەواو كراوه‌”.

له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا وه‌زیری ته‌ندروستی هه‌رێمی كوردستان و قایمقامی قه‌زای پشده‌ر و به‌رپرسانی یه‌كه‌ ئیدارییه‌كان ئاماده‌بوون.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە لەدایکبوون و منداڵان لە قەڵاد...

نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە لەدایکبوون و منداڵان لە قەڵادزێ دەکرێتەوە