تۆنی بە 660 هەزار دینارە
جوتیارانی گەرمیان لە نرخی بنەتۆو ناڕازین
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لەگەڵ ئەوەی نرخەکەی لە چاو ساڵی رابردوو کەمی کردووە، بەڵام جوتیارانی گەرمیان هێشتا لە نرخی بنەتۆو ناڕازین و دەڵێن گرانە.
ساڵی پێشوو بۆ ھەر تۆنێک بنەتۆو بڕی 800 ھەزار دینار لە جوتیار وەرگیراوە، ئەمساڵ نرخەکەی کەمکراوەتەوە بۆ 660 ھەزار دینار، بەڵام بەشێک لە جوتیاران نرخەکەیان پێ زۆرە و دەڵێن لەگەڵ بازاڕ نرخەکەی جیاوازیی زۆری نییە.
شاھۆ فایەق، جوتیارێکی گەرمیانە و لە کاتی وەرگرتنی بنەتۆو بە 964ـی وت، “ئەم گەنمە زۆر باشە بۆ جوتیار، بەڵام نرخەکەی زۆرە، پێنج تۆن و نیو بنەتۆوم کڕیوە، نرخەکەی لەگەڵ نرخی گەنمی بازاڕ جیاوازییەکی زۆر کەمی ھەیە، ئەوپەڕی نزیکەی 20 ھەزار دینار جیاوازی ھەبێت.”
ئەو بنەتۆوەی دەدرێت بە جوتیاران لە جۆری کەلار یەک و دووە، بەرھەمھێنراوی بەشی توێژینەوەی کشتوکاڵی گەرمیانە.
سیروان حەسەن، بەڕێوەبەری بەشی بەرھەمھێنان و پەسەندکردنی بنەتۆو لە کشتوکاڵی گەرمیان بە 964ـی راگەیاند، ئەمساڵ تەنیا 180 تۆن بنەتۆویان لە بەردەستە، لەبەرئەوەی رەزامەندیی وەرگرتنی بنەتۆو درەنگ کەوت، نەیانتوانیوە ھیچ بڕە گەنمێک لە جوتیاران وەرگرن.
وتیشی، “ئەو جوتیارانەی کە ئەم بنەتۆوە وەردەگرن، دەبێت پشتگیریی فەرمانگەی کشتوکاڵی ناوچەکانیان ھەبێت و بە پێی رووبەری زەوییەکانیان بنەتۆویان پێدەدرێت”.
“ئێمەش لەگەڵ قسەی جوتیارانین و راستە نرخەکەی گرانە، بەڵام ئەو نرخە حکومەت دیاریی دەکات و داوا دەکەین بۆ ساڵانی داھاتوو نرخەکەی کەمتر بکرێتەوە”، سیروان حەسەن وای وت.
ئیدارەی گەرمیان بە شەش پڕۆژە خۆی نوێدەکاتەوە
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد