ژمارەیەک وەزیر لە لیژنەکەن
بەغدا و کوردستان لیژنەیەک بۆ گومرگ و بەرهەمی ناوخۆ پێکدەهێنن
964+
شاخەوان عومەر
سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی هاوبەشی هەرێم و بەغدای بۆ چارەسەرکردنی کێشە گومرگییەکان راسپارد
سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی، لیژنەیەکی هاوبەشی بە سەرۆکایەتی وەزیری پلاندانان و ئەندامیەتیی چوار وەزیری دیکە لە حکومەتی ناوەندی و دوو وەزیر لە حکومەتی هەرێم بۆ یەکخستنی سیاسەتی گومرگی هاوبەش و پارێزگاری بەرهەمی ناوخۆیی پێکهێنا.
وێنەیەکی راگەیەندراوی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆک وەزیرانی عێراقی دەست 964 کەوتووە، کە تێیدا لیژنەکە لە هەرێمی کوردستان وەزیری ناوخۆ و وەزیری دارایی، هەروەها لە حکومەتی ناوەندی، سەرۆکی لیژنە وەزیری پلاندانانە و ئەندامیەتیی وەزیرەکانی ناوخۆ، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، خوێندنی باڵا و داد لە خۆدەگرێت.
کارەکانی لیژنەکە بەم شێوەیە دەبن:
-پێداچوونەوەی یەکخستنی سیاسەتی گومرگیی هاوبەش لە هەموو دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان
-دیاریکردنی دیدگایەکی گشتیی یەکگرتوو بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی گومرگیی هاوبەش و پارێزگاریکردنی بەرهەمی ناوخۆیی
-پێداچونەوەی رێکارەکانی یاسای دەستەی دەروازە سنوورییەکان ژمارە 30 ی 2016 و هەموارکردنەوە و پێشنیاری چارەسەری پێویست