زیاتر لە 20 ساڵە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکان نەکراوە

964+
هونەر فارس – گەرمیان

کۆتا جار ساڵی 2000 بوو کە هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی شارەوانییەكان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان کرا، تا ئێستاش ئەندامەكانی نەگۆڕاون، کە بۆ چوار ساڵ هەڵبژێردراون.

بەگوێرەی پەیڕەوی ژمارە دووی ساڵی 2019ی ئەنجومەنی وەزیران، لەبری هەڵبژاردن کە پێشتر چوار ساڵ جارێک بۆ دانانی ئەندامانی ئەنجومەن شارەوانی ئەنجام دەدرا، دوای ئەو ساڵە بە دانانی راستەوخۆ ئەنجومەنەکە پێکدێت کە سەدا 75ی بۆ فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و ئەوەی دەمێنێتەوە پشکی رێکخراوەکانە.

دوای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکان کە زیاتر لە 20 ساڵە ئەنجامدراوە، شارەوانی کەلار بە نۆ ئەندام ئەنجومەنی شارەوانی پێکهێنا، تا ئێستاش هەمان ئەنجومەنە و بەشێکیان خانە نشین بوون.

ئەکرەم ساڵح سەرۆکی شارەوانی کەلار، بە 964+ی وت، كە تا ئێستا لە رێگەی ئەنجومەنی پێشووەوە كارەكانیان رادەپەڕێنن، “لە ئێستادا چاوەڕێی رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانین بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنەكە”.

روونیکردەوە، ئەنجومەنی پێشنیازكراو، لە 13 ئەندام پێكدێت و دەبێت بەشی سەرەكیی ئەندامەكان لە فەرمانگە حكومییەكانی کشتوکاڵ، نەخشەدانان، ژینگە، تاپۆ، ئاو، تۆماری خانوبەرە، کارەبا و تەندروستی بێت، ئەوەشی کە دەمێنێتەوە بۆ رێکخراوە حکومییەکان.

ئەنجومەنەکە هەفتەی جارێک کۆدەبێتەوە و لەبارەی خەرجی و خزمەتگوزاری و رێکخستنی ناوشار و ئەو بابەتانەی پەیوەستن پێیەوە بڕیار دەدات، سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکەش لە ئەستۆی سەرۆکی شارەوانیدایە.