پرسیاری خاوەن نوسینگەکان بووە
لیژنەی باڵای فەتوا: گرێبەستی کڕینی خانوو بە قەرز و قیست حەرامە
964+
شاخەوان عومەر
چەند خاوەن نوسینگەیەکی عەقارات لەبارەی قیستی خانوو، پرسیاریان بۆ لیژنەی باڵای فەتوا ناردووە، لیژنەی فەتوا بە شەش خاڵ وەڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە.
خاوەن نوسینگەکانی خابووبەرە پرسیارەکەیان بەمجۆرەیە، “کاتێک خانوویەک بە قست دەفرۆشین و کڕیارەکە درەنگ قستەکە دەداتەوە، ئەو کڕیارە سزای دواکەوتنی دەکەوێتە سەر، ئایا بڕیاری شەرعی بۆ ئەم کارە چییە؟”.
ئەنجوومەنی باڵای فەتوا دەڵێت، “لە بابەتەكانی قەرز و قیستدان (غەرامەی تاخیربوون) حەرامە و هەر لە سەرەتاوە گرێبەستەكە حەرامە و نابێت مسوڵمان خۆی لێ بدات”.
ئەم شەش خاڵەی خوارەوە وەڵامی لیژنەی باڵای فەتوایە:
1- بۆ هەردوو لایەنی گرێبەست، وەك یەك ریبایە و حەرامە، گرێبەستەكە هەر لە ئەوەلەوە (بەتاڵ)ـە.
2- ئەگەر كڕیار لە ئەوەلیشەوە نیەتی تاخیركردنی قیستەكەی نەبێت، هەر دیسان حەرامە؛ مادام واژووی كرد لەسەر گرێبەستەكە كە مەرجێكیان سەردەكێشێت بۆ ریبا.
3- خاوەن عەقاراتەكانیش نابێت ناوەندگیری بكەن لەو حەرامەدا.
4- بەڵام ئەگەر گرێبەستەكە خاڵی بوو لەو مەرجە (مەرجی غەرامەی تاخیربوون)؛ ئەوا هیچ كێشەیەكی شەرعیی تێدا نییە.
5- پێشنیاری ئێمە ئەوەیە كە ئەو مەرجە لاببرێت لەو گرێبەستەدا، لە جیاتی ئەوە دەتوانن هەركات تاخیر بوو كڕیارەكە؛ ئەوا ئیلزام بكرێت بەوەی كە زیاتر لە دوو قیست بدات لە كۆی ئەو مەبلەغەی كە لە سەرەتاوە لەسەری رێككەوتوون.
6- ئەگەر خاوەن عەقاراتەكان لە سەرەتاوە دڵنیا نەبوون لەوەی كە گرێبەستە یاساییەكەی دووەم مەرجی غەرامەی تاخیربوونی تێدایە؛ ئەوا بۆ ئەمان كێشەیەكی شەرعی نابینینەوە، چونكە شەرع زاهیربینە و حوكمی شەرعی لەسەر یەقین و دڵنیایی بنیات دەنرێت.