55 کەسن

دەزگای ئاسایشی هەرێم: پێنج گروپ و تاقمی سەر بە داعشمان دەستگیر کرد

964+

ژووری هەواڵ

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستگیرکردنی پێنج گروپ و تاقمی سەر بەر رێکخراوی داعشی راگەیاند و دەڵێت، سەرجەم ئەندامەکانیان لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کراون.

ئەمڕۆ هەینی 17.11.2023، دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، سێ ئەمیری رێکخراوی داعش لەنێو ئەو گروپەدا بوون و دەستگیر کراون ،”شکست بە مەرامەکانیان هێنرا کە پیلانیان دانابوو لە چەندین شاری هەرێم کردەوەی تیرۆریستی ئەنجامبدەن”.

ئەندامانی گروپەکە 55 کەس بوون، ئاسایش دەڵێت لەدوای دەیان ئۆپەراسیۆن لە کەرکوک، سلێمانی، گەرمیان، هەڵەبجە، سەیدسادق، شارەزوور و پێنجوێن دەستگیر کراون کە سیانیان ئەمیری رێکخراوەکەن.

یەکێک لە گروپەکان لە قەزای کەلار بووە، دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، لە 12 ئەندام پێکهاتوون و “فکری توندڕەویی و تیرۆریان لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە وەرگرتووە، پەیوەندیان لەگەڵ خانەوادە و کەسوکاری چەکداری داعش بەستووە، مەرامیان بوو گروپەکانیان فراوانبکەن، لە ئامادەکاریشدابوون بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و پەیداکردنی چەک”.

ئەم گروپەیان لە 12 ئۆپەراسیۆنی جیجیا و لە ماوەی پێنج رۆژدا لە مانگی هەشت و نۆی ئەمساڵ دەستگیر کراون و ئەمیریشیان لەنێودابووە.

یەکێکی دیکە لە گروپەکان، لە سلێمانی پلانی داناوە، 17 ئەندام بوون و دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، “پەیوەندی راستەوخۆیان بە تیرۆریستانی داعشەوە هەبووە و سەرپەرشتی کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاریان بۆ چەکدارانی داعش کردووە، لە خۆرێکخستندابوون و لە باخێکدا مەشقی سەربازیان پێکراوە و پیلانیان داناوە بۆ ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی، لە هەوڵی پەیداکردنی چەک و تەقەمەنیدا بوون”.

دووان لە ئەندامانی ئەم گروپە لە گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانی لە رێگەی مۆبایل و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانەوە سەرپەرشتی پەیوەندی نێوان گروپەکانیان کردووە و راستەوخۆ پەیوەندیان بە گروپەکەی کەرکوکەوە هەبوو.

لە رۆژانی 21 و 31ـی مانگی رابردوودا، لە 17 ئۆپەراسیۆنی جیادا ئەندامانی گروپەکەی سلێمانیش دەستگیر کراون و لەنێو گرتووخانەی چاکسازی گەورانی سلێمانیش دەستگیراوە بەسەر چەند مۆبایل و کەلوپەلێک.

گروپەکەی کەرکوکیش ژمارەیاند حەوت کەس بووە، بەپێی راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، “سەرپەرشتی گواستنەوەی تیرۆریستانی داعشیان کردوە و شوێنیان بۆ داڵدەدانی شانە نوستووەکانی داعش دابینکردووە و ئەرکیان کڕینی چەک و تەقەمەنیی بووە بۆ تیرۆریستان و پیلانیان دانابوو چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لەکەرکوک ئەنجامبدەن”.

هەر حەوت ئەندامی گروپەکەی کەرکوک، لە رۆژانی سێ، هەشت و 15ـی مانگی رابردوو، بە هاوکاری هێزە عیراقییەکان دەستگیر کراون.

گروپی چوار لە هەڵەبجە، پێنجوێن، سەیدسادق و شارەزوور شانەی نوستویان هەبووە و ژمارەیان 13 ئەندامە، “لە خۆڕێکخستندابوون و بەشداری چەند خولێکی مەشق و راهێنانیان لەسەر بەکارهینانی چەک کردوەو خۆیان ئامادەکردوە بۆ ئەنجامدانی چەند کردەوەیەکی تیرۆریستی لە سنورەکەیان پێشتریش ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەم گروپە رۆشتوونەتە ناو چەکدارانی تیرۆریستی داعش”.

دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، لە ماوەی چوار رۆژدا و لە 13 هەڵمەتی جیادا دەستگیر کراون.

گروپێکی دیکە کە لە شەش کەس پێکهاتوون، پەیوەندی راستەوخۆیان بە گروپی کەرکوکەوە هەبووە، “ئەرکیان گواستنەوەی ئەو کەسانە بووە کە مەرامیان بوو بچنە ناو داعش، کۆمەک و هاوکاریشیان کۆکردۆتەوە بۆ کەسوکاری تیرۆریستانی داعش”.

ئەمانیش لە رۆژانی 12 و 14ـی مانگی رابردوو لە شەش هەڵمەتدا دەستگیر کراون.

دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، “لە سەرجەم هەڵمەتەکاندا دەستگیرا بەسەر چەندین پارچە چەک و مەوادی تەقەمەنی و خۆکوژی و خۆپارێزی تەواوی ئەندامانی تاقم و گروپە تیرۆریستییە”.

بەپێی راگەیەندراوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێم، دەستگیرکراوەکانیش مەرامیان بوو دوای ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکانیان بچنە ناو ریزەکانی داعشەوە.