سیستمی غاز هۆکار بوو
ساڵێک بەسەر تەقینەوەی خانوەکەی گەڕەکی کازیوەی سلێمانی تێپەڕ دەبێت
964+
فەهمی نەبی
ساڵێک لەمەوبەر رووداوی خاپوور بوونی ماڵێک لە گەڕەکی کازیوەی سلێمانی هەموانی راچڵەکاند، ئەو خانووە ماڵی حاجی مەزهەر بوو کە بەهۆیەوە 15 ئەندامی خێزانەکەی گیانیانلدەستدا، دەرکەوت رووداوەکە بەهۆی تەقینی سیستمی غازی LPG بووە.
رووداوی تەقینەوەی ماڵەکەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی شەوی 17.11.2023 بوو، مانگێک دواتر لەیەکێک لەبەشە ناوخۆییەکانی دهۆک دیسان سیستمی غازی بەشە ناوخۆییەکە تەقیەوە و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیانلدەستدا، ئاماری هەردوو ردووداوەکە گەیشتە 20 گیانلەدەستدان و 25 بریندار.
دوای هەردوو رووداوەکە، ئەنجومەنی پارێزگا و بەرگری شارستانی شارەکان کەوتنە خۆ بۆ پێداچوونەوە بە سیستمی غازی LPG بۆ ماڵان و شوێنە گشتیەکان، سەرەتا بەستن و کارپێکردنی ئەو سیستمە راگیرا تا پێداچوونەوەی بۆ کرا.
دوای دوو مانگ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رێنمایی دانانی سیستمی غازی پەسەند کرد.
بەگوێرەی رێمانییە نوێیەکە، پێویستە سەرجەم کارگەکانی دانانی سیستمی غاز مۆڵەتپێدراو بن و هەر کەس و وەستا و دوکانێک سەربەخۆ کارەکە بکات سزا دەدرێت.
لەبەشێکی دیکەی رێنماییەکە هاتووە، دەبێت ئەوانەی وەک وەستای دانان لە کۆمپانیاکان کار دەکەن راهێنانیان پێ بکرێت و بڕوانامە وەربگرن، پاشان کارەکە بکەن.