لە بەغدا

یادی 120مین ساڵی لەدایکبوونی گۆرانی شاعیر کرایەوە

+964

ژوولی عەدنان

یەکێتیی رۆشنبیران و نووسەرانی عێراق، لە ئاهەنگێکدا یادی 120مین ساڵەی لەدایکبوونی شاعیری ناوداری کورد “عەبدوڵڵا گۆران” لە بەغدا كردەوە.

یادەكە لە چالاکییەکانی یەکەمین فێستیڤاڵی کوردی بوو، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆشنبیران و نووسەران بەڕێوەچوو.
گۆران بە کۆڵەکەی شیعر و وێژەی هاوچەرخی كوردی دادەنرێت و ناوبانگی بۆ چەقی رۆشنبیری عەرەبی لە هەموو عێراقدا قوول بووەتەوە.
بە شیوەیەک لە شێوەکان لە ناو عەرەبدا وەک (بەدر شاکر سەیاب)ی کورد باس دەکرێت لە نویگەری شیعری سەدەی رابردوودا.
“لە بۆنەکەدا شیعری (برای عەرەبم) لەلایەن هونەرمەند و شاعیر ستار ناسڕ بە شێوەی گۆرانی وترا و چاومان پڕ بوو لە فرمێسک”، حوسێن جاف، سەرۆکی کتێبخانەی رۆشنبیری کوردی لە یەکێتیی نووسەران ئەمەی بە 964 وت.
ئاماژەی بەوەش دا، لە شیعرەکەدا گۆران دەڵێت: برای عەرەبم، هەنگوینی دەستت تاڵ بوو، هەنگوینی دەستی منیش تاڵ بوو، بەڵام شانەی هەنگوینی برایەتی وێژە هەتا رۆژی دوایی کۆمان دەکاتەوە.

گۆران كێیە؟
عەبدوڵڵا سلێمان ناسراو بە (گۆران)  1904- 1962 شاعیر و رۆژنامەوان و چالاکوانێكی سیاسیی کورد بوو. لە ھەڵەبجە لەدایکبووە و تا 1937 لە خوێندنگە سەرەتاییەکانی ئەو ناوچەیەدا مامۆستا بووە، پاشان چالاکیی سیاسی و رۆژنامەوانی دەستپێدەکات و چەند جارێک دەخرێتە بەندیخانەوە.
لە 1952ەوە تا کۆتایی ژیانی لە زۆرێک لە رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا وتار و بابەتی دەنووسی و چەند کتێبی ھۆنراوەشی نووسیوە، گرنگیی گۆران لەوەدایە کە یەکەم شاعیری نوێی کوردە کە شێوازی عەرووزیی عەرەبی لە ھۆنراوەی کوردیدا لابردووە و بە شێوازی فولکلۆری کوردی ھۆنراوەی نووسیوە و گۆران بە قۆناغێكی جیاواز و دەستپێكێكی نوێگەری لە شیعری كوردیدا وەسف دەكرێت.

ئەمڕۆ کۆڕبەندی کولتووریی عەرەبی - کوردی بەڕێوەدەچێت

ئەمڕۆ کۆڕبەندی کولتووریی عەرەبی - کوردی بەڕێوەدەچێت