مزگه‌وتێكی كۆیه... وێنه: سۆشیاڵ میدیا
پارەکە چەندە؟
له كۆیه مشت‌ومڕ له‌سه‌ر پاره‌ى قورئانخوێنانى پرسه‌كان دروست بووه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له قه‌زاى كۆیه باس باسی وه‌رگرتنى ئه‌و پاره‌یه‌یه، كه قورئانخوێنه‌كان له پرسه‌كان وه‌ریده‌گرن و خه‌ڵكیش پێیان زۆره، قایمقامیش به پرس و راوێژ له‌گه‌ڵ ئه‌وقاف بڕه پاره‌یه‌كی دیاریی كردووه و هاوڵاتیانیش ئازاد ده‌كات.
ماوه‌یه‌كه خه‌ڵكی كۆیه باسی زۆرى ئه‌و پاره‌یه ده‌كه‌ن، كه بۆ هه‌ر رۆژێكی پرسه 60 هه‌زار دینار وه‌رگیراوه، ئه‌مه وایكرد نوێنه‌رانیان سه‌ردانى قایمقامى قه‌زاكه بكه‌ن و ئه‌و پرسه‌ی له‌گه‌ڵ باس بكه‌ن.
تاریق جه‌لال حه‌یده‌رى، قایمقامى كۆیه، به 964ـى راگه‌یاند، خه‌ڵكى ره‌خنه و گله‌ییه‌كى زۆریان له‌و بڕه‌پاره‌یه هه‌بوو، كه قوڕناخوێنه‌كان بۆ پرسه وه‌ریده‌گرن.
وتیشی “به پرس و راوێژ له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌وقافی كۆیه، گه‌یشتین به‌و بڕیاره‌ى بۆ هه‌ر رۆژێكی پرسه 30 تا 35 هه‌زار دینار وه‌ربگیرێت”.
لای خۆیه‌وه دەرباز جەلیزادە، كه وه‌ك نوێنه‌رى خه‌ڵك سه‌ردانى قایمقامی كردبوو، بڵاویكردووه‌ته‌وه، وه‌رگرتنى بڕه پاره‌ى قورئانخوێنه‌كان یه‌كلابووه و لەمەولا کاری پێدەکرێت.
باسی له‌وه‌ش كردووه، لە ئەگەری پابەندنەبوونی قورئانخوێنەکان، خەڵک ئازادە ھەر قورئانخوێنێک بانگهێشت بکات بۆ پرسەکەی، بەو مەرجەی لەو بڕە پارەی دیاریی کراوە زیاتر نەبێت.