"ئیتر کەیفی خۆتانە"

لە بەغدا کەی ئێف سی و پیتزا هەت سوور کراون

964+

ژووری هەواڵ

بێ ئەوەی کەس بزانێت چۆن کراوە لە پڕ جامی پێشەوەی هەندێ لە خواردنگە بەناوبانگەکانی بەغدا بە رەنگی سووری خوێنئاسا رەنگکراون، گوایە کۆمپانیا سەرەکییەکەی خاوەنی ئەم براندانە پشتگیری ئیسرائیلیان کردووە.

هەریەک لە براندەکانی KFC و پیتزە هەت و سینابوون لە ناوەڕاستی بەغدا بەر ئەم هەڵمەتە کەوتوون و لەسەر جامی یەکێکیان کاغەزێک هەڵواسراوە و بە فۆنتێکی جوان لەسەری نوسراوە ”ئەو کۆمپانیایەی پاڵپشتی قەوارەی زایۆنی دەستدرێژیکار دەکەن بوونەتە ئامانجی رەوای ئێمە، ئیتر کەیفی خۆتانە”.

هەر لەسەر کاغەزەکەش دوو سێگۆشەی سوور کراوە، ئەوە ئەو سێگۆشانەیە کە ئێستا بوونەتە ئایکۆنی هێرشەکانی حەماس.

سەرچاوەیەکی ئەمنی دەڵێت ”شەوی رابردوو لە ناوچەی جادرییە کەسانی نەناسراو ئەم کارەیان کردووە”.

لە دوای 7ی ئۆکتۆبەر و پاش ئەوەی لقی سەرەکی هەندێ لە براندە گەورەکانی خواردەمەنی پشتیوانیان لە سوپای ئیسرائیل کرد، لقی ئەو کۆمپانیایانە لە هەندێ لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بایکۆتکران یان کەوتنە بەر هێرش، یەکەمجاریش لە ماکدۆناڵدەوە دەستی پێکرد.

لقی ئەو کۆمپانیایانەش چەندینجار روونکردنەوەیان داوەو دەڵێن، ئەوان هەقیان بەو کارەوە نییە، ئەگەر کۆمپانیا دایکەکەش کردبێتی، ئەمان وەکالەتیان وەرگرتووە و کارەکەیان جیاوازەو دژی ئەو پشتگیرییەن.