ئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتی عێراق و جیهان دەکات
پاڵەوانێکی کورد لە وڵاتی تایلەند دەدرەوشێتەوە
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
پاڵەوانێکی کورد لە یاری موای تای و لە وڵاتی تایلەند ئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتی عێراق و جیهان دەکات.
گۆڤان خالید پاڵەوانی کورد بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتییەکانی عێراق و جیهان لە یاری موای تای، ماوەی مانگێکە لە وڵاتی تایلەند چووەتە کەمپێکی مەشق و راهێنانەوە و لە ماوەی مانەوەی لەو وڵاتە بەشداری پاڵەوانیەتییەکی پرۆفیشناڵی کردووە کە 12 یاریزانی ئاست بەرز بەشداربوون و ئەو پاڵەوانە کوردە لە رکابەرییەکانی پێنج راوندی سێ خولەکیدا توانیویەتی بەسەر دوو رکابەری تایلەندیدا سەربکەوێت.
گۆڤان خالید لە وڵاتی تایلەندەوە بە 964ـی وت، بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ پاڵەوانیەتییەکانی داهاتوو، لە وڵاتی تایلەند چووەتە کەمپێکی مەشق و راهێنانەوە.
وتیشی، وڵاتی تایلەند یەکێکە لە بەهێزترین ئەو وڵاتانەی کە گرنگی زۆر بە یاری موای تای دەدەن و لە ماوەی مانەوەشی سوودێکی زۆری لە پاڵەوانانی ئەو وڵاتە وەرگرتووە.
گۆڤان خالید ساڵی 2003 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە و ماوەی چوار ساڵە هاتووەتە بواری یاری موای تاییەوە، لە ژیانی وەرزشی خۆیدا بووەتە پاڵەوانی سەر ئاستی سلێمانی و عێراق و لە وڵاتی تایلەندیش تا ئێستا دوو مەدالیای بەدەستهێناوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی