دەروازەی گوندی سەرگەڵو - وێنە: پەیجی گوندی سەگەڵو
سنووری 9 گوندی لەسەرە
بەر لە وادەی بەفر بارین سەرگەڵو داوای شۆفڵ دەکات
964+
پێشەوا محەمەد
بەر لە هاتنی وەرزی سەرما و بەفربارین، شارەوانی سەرگەڵو داوای شۆفڵ دەکات و دەڵێت، بۆ راماڵینی بەفر پێویستیان پێیەتی.
سەرگەڵو خۆی گوندێکی سەر بەناحیەی سوورداشە لە قەزای دوکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی، ساڵی 2005 شارەوانییەکی بۆ کراوەتەوە و جگە لە خۆی نۆ گوندی تری لەسەرە و خزمەتگوزارییەکانیان لە ئەستۆی ئەو شارەوانییەیە.
“تەنیا مەکینەیەکمان هەیە و بۆ وەرزی سەرما و بەفربارین پێویستمان بە شۆفڵە بۆ پاککردنەوەی رێگاکان”، ئەوە قسەی شۆڕش محەمەد، سەرۆکی شارەوانی سەرگەڵوە بۆ 964.
دەشڵێت، لە وەرزەکانی تر کاری پاککردنەوەی ژینگەی پێدەکەن و لە وەرزی سەرماشدا بە تایبەت کە ناوچەکانیان بەفری زۆری لێدەبارێت پێویستی زۆریان بە شۆفڵێکە بۆیان دابین بکرێت.
ئەو گوندانەی لەسەر شارەوانی سەرگەڵون بریتین لە؛ هەڵەدن، سێکانیان، چاڵاوە، شاقوڵی، یاخسەمەر، قۆمەرخان، قەرەنگیڕ، یاخسیرە و گوێزیلە.
سەرۆکی شارەوانی سەرگەڵو وتیشی، “وەک ئەو قوربانییەی لە سەرگەڵو دراوە لە مێژووەکەیدا ئاوڕی لێنەدراوەتەوە و خزمەت نەکراوە”.