داوای قیستیشی کردووە
ئاوی هەرێم داوای 20٪ داشکاندن بۆ قەرزەکان دەکات
964+
ژووری هەواڵ
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەرێم نوسراوێکی بۆ ئەنجومەنی وەزیران کردووە و داوایکردووە بۆ ماوەی چەند مانگێک بەڕێژەی 20٪ داشکاندن بۆ قەرزی ئاو دووبارە دەستپێبکاتەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 9.11.2023، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی كوردستان بە 964ـی راگەیاند، لە نوسراوەکەدا داوای ئەوەشیان کردووە کە بە قیست كردنی قەرزی ئاویش بەردەوام بێت و لەگەڵ داشکاندنەکە بۆ ماوەی چوار مانگ بەردەوام بێت.
نوسراوەکە لە رێکەوتی 7.11.2023 ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و هێشتا بەڕێوەبەری گشتیی ئاو چاوەڕێی وەڵامە.
ئەگەر سەربگرێت، قیستەکە بە جۆرێک رێکخراوە کە ئەو قەرزانەی کەمتر بن لە 200 هەزار دینار ئەوا ناکرێن بە قیست، ئەوانەشی قەرزەکانیان سەرووی 200 هەزار ئەوا پێشەکی 25%ـی قەرزەکە دەدات و 75%ـەکەی دیکەش دەکرێت بە پێنج قیست.
وادەی دواین خزمەتگوزاری لێخۆشبوون لە قەرزی ئاو، كە 15% بوو، لە مانگی ئابی ساڵی 2023 كۆتاییهات و بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەرێم، لەو ماوەیەدا “زیاتر لە 400 ملیۆن دینار داشکاندن بۆ هاوڵاتیان کراوە”.