ژینگەپارێزان مانیان گرتووە

زبڵ و خاشاک قەزای دوکانی پەرێشان کردووە

964+

بەرزان عوسمان – دوکان

كێشه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى زبڵ و خاشاك له‌ قەزای دوکان سه‌رهه‌ڵده‌دات و هۆكاره‌كه‌ش وه‌ك کۆمپانیای شکار ده‌ڵێت، بایكۆتى كارمه‌ندانى كۆمپانیاکەیانە، چونكه‌ موچه‌یان وەرنەگرتوە.

له‌ ماوه‌ى رابردوودا چه‌ندجارێك زۆربوون و کەڵەکەبوونی زبڵ و خاشاک سنوورى قه‌زاى دوکانی  هه‌راسان كردبوو، هۆكاری ئه‌وه‌بووە كارمه‌ندانى کۆمپانیای پاککەرەوە به‌هۆى كێشه‌كانیان، بایكۆتى كاركردنیان ده‌كرد.

له‌ دوێنێ سێشەممه‌وه‌ کرێکارانی کۆمپانیای شکار بڕیاریانداوه‌ ناچنەوە سەر کارەکانیان و کار ناکەن.

سەروەر ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى دوکان بە 964ـی وت، كرێکارانی کۆمپانیای پاکردنەوە لەسنوری شارەوانی کارناکەن و “لەوە زیاتر ناتوانم بڵێم و روونکردەوە بدەم”.

محەمەد حسێن لێپرسراوی کۆمپانیای شکار زۆنی ناوەندی قەزای دوکان بە 964ـی وت، ماوەی دوو رۆژە کرێکارانی کۆمپانیاکەمان لە زۆنی ناوەندی دوکان مانیان لە کارکردن گرتوە و بەهۆی پێنەدانی موچەکانیان ئامادەنین کار بکەن تا موچەکانیان پێنەدرێت.

وتیشی، “لە لایەن حکومەتی هەرێم مانگانە وەک پێویست پارەمان پێنادرێت و بەو هۆیەشەوە ناتوانین پارەی کرێکارانی کۆمپانیاکەمان دابین بکەین”.

پێداچوونەوە: توانا نەقی