رووبەرەکەی هەزار مەترە
باخچەیەکی نوێ لە تەکیە دروست دەکرێت
964+
پێشەوا محەمەد
لە تەکیەی سەر بە چەمچەماڵ باخچەیەک لەسەر رووبەری هەزار مەتر دروست دەکرێت و بڕیارە زۆرینەی بکرێت بە چیمەن.
باخچەکە بەناوی شەهید رەحمانەوە دەبێت و لەسەر ئەرکی کوڕەکەی دروست دەکرێت.
ئیبراهیم ئەحمەد، سەرۆکی شارەوانیی تەکیە بە 964ـی راگەیاند، ئەو باخچەیە دوێنێ دووشەممە دەست بە دروستکردنی کراوە و کار دەکەن بۆ ئەوەی بە زوویی تەواوی بکەن.
وتیشی، “زۆرینەی دەکەین بە چیمەن و 15 بۆ 20 دارێکی بۆ سێبەر تێدا دەڕوێنین، شورای بە دیوار بۆ دەکرێت و پەرژینێکی ئاسنیشی دەبێت”.
تەکیە 12 باخچەی تێدایە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی 37 هەزار کەسە.
“ئەوانەی هاتوچۆ بۆ ئاغجەلەر و تەکیە و چەمچەماڵ دەکەن بە تەواوبوونی ئەو باخچەیە شوێنێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی لە کاتی لادانی ئۆتۆمبێلەکاندا بچنە ناویەوە و پشوو بدەن”، ئەوەش قسەی ئیبراهیم ئەحمەدە.
هەفتەی رابردووش باخچەیەک بە ناوی باخچەی یاسا لەسەر رووبەری چوار هەزار مەتر دووجا لە تەکیە کرایەوە.