زیاتر لە 400 دەستنوسە

ئامێدی داوای دەستنوس و کتێبە کۆنەکانی دەکات

964+

‎هیڤی دێوالی – دهۆک

‎زیاتر لە 400 دەستنوس و کتێبی مێژوویی کۆنی ئامێدی لە مۆزەخانەی بەغدان.

‎لایەنە پەیوەندیدارەکان و نووسەران و رۆشنبیرانی ناوچەی ئامێدی داوا دەکەن ئەم دەستنوسانە بگەڕێندرێنەوە بۆ کتێبخانەی ئامێدی، بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئامێدیش دەلێت، لایەنی پەیوەندیدارەکانمان ئاگادار کردووە.

‎لە ساڵی 1019 تا 1961 زیاتر لە 400 دەستنووسی مێژووی کۆنی ئامێدی لە زانکۆی قوبەهان براونەتە مۆزەخانەی بەغدا.

‎سەلمان نهێلی، بەڕێوەبەری کتێبخانەی ئامێدی بە 964ـى وت، ئێمە لە رێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە داوای دەستنووس و کتێبەکانمان کردووە بۆ ئەوەی بگەڕێندرێنەوە کتێبخانەکەمان، تا ئێستا هیچ وەڵامێکمان نەدراوەتەوە.

‎وتیشی، ئەگەر نوسراوی رەسەنیش نەبێت داوای نوسخەی نوسراوەکان دەکەین چونکە زۆر شت لەبارەی مێژووی کۆنی ئامێدی تێیدا نووسراوە.

‎ئاماژەی بەوەشکرد، ئامێدی یەکێکە لە کۆنترین و مێژویترین شارەکانی هەرێمی کوردستان، شوێنی سەرچاوەی زانست و زانیاری بووە لە کۆندا، خاوەنی ژمارەیەکی زۆر کتێب و دەستنووسە کۆنەکانە.

‎بەقسەی بەڕێوەبەری کتێبخانە، هەندێکیان مۆری پاشا و میرەکانی ئامێدییان بەسەرەوەیە، بەڵام بەهۆی ناسەقامگیری و شەڕ لە ناوچەکە لەساڵی 1916هێزەکانی ئینگلیزی بەریتانی ژمارەیەک کتێب و دەستنووسی کۆنیان سووتاندن و لەناوبردن.

‎بەپێی زانیارییەکانی کتێبخانەی ئامێدی، زۆربەی ئەو کتێبانەی لە بوارەکانی فەلەکناسی، فەلسەفە، تەندروستی، مێژوو، دەستنووسە کۆنەکان مێژووی ئامێدین لە بەغدا پارێزراون.

پێداچوونەوە: توانا نەقی