سبەی لە هەولێر یارییە

سانتۆ ده‌ڵێت كه‌ریم ئاماده‌یه‌ و ئۆدیشۆش ده‌ڵێت هه‌وڵی بردنه‌وه‌ ده‌ده‌ین

964+
هێژا خه‌سره‌و

له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی راهێنه‌رانی هه‌ردوو یانه‌ی قوه‌ی جه‌وییه‌ و ئیتیحاددا، راهێنه‌رانی هه‌ردوو یانه‌ ئاشكرایان كرد، پلانیان بۆ بردنه‌وه‌ی یارییه‌كه‌ هه‌یه‌.
نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5.11.2023 كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانی بۆ راهێنه‌ری یانه‌ی ئیتیحادی سعودی نۆنۆ سانتۆ و راهێنه‌ری یانه‌ی قوه‌ جه‌وییه‌ ئه‌یوب ئۆدیشۆ له‌ هوتێلی ڤان رۆیال له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

نۆنۆ سانتۆ: جه‌وییه‌ به‌هێزه‌
نۆنۆ سانتۆ راهێنه‌ری یانه‌ی ئیتیحادی سعودی وتی، بۆ یارییه‌كه‌ ئاماده‌ین و پلانی بردنه‌وه‌ی یارییه‌كه‌مان هه‌یه‌.
وتیشی، كه‌ریم بنزێما بۆ یارییه‌كه‌ ئاماده‌یه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی باش مه‌شقی كردووه‌.
له‌ وه‌ڵامی پرسیاری په‌یامنێری 964 كه‌ ئایا ئه‌ستێره‌ ناوداره‌كان چ رۆڵێكیان له‌ خولی سعودیه‌ هه‌یه‌، نۆنۆ سانتۆ وتی، “یاریزانی گرنگ و ناسراوی جیهانی له‌ خولی سعودیه‌ یاریی ده‌كه‌ن، به‌ڵام یاریزانانی سعودییش گرنگن و به‌هێزن، به‌ یه‌ك چاویش سه‌یریی هه‌موو یاریزانان ده‌كرێت”.
نۆنۆ سانتۆی پۆرتوگالی له‌ باره‌ی یانه‌ی جه‌وییه‌ وتی، یانه‌یه‌كی به‌هێزه‌ و به‌ پلانی به‌رگری یاریی ده‌كات، به‌ڵام له‌ هێرشی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ ترسناكن، پلانمان بۆ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌وڵ ده‌ده‌ین یارییه‌كه‌ ببه‌ینه‌وه‌.

ئۆدیشۆ: پلانی بردنه‌وه‌مان هه‌یه‌
له‌ دوای سانتۆ، ئه‌یوب ئۆدیشۆ راهێنه‌ری یانه‌ی قوه‌ جه‌وییه‌ی عێراقی وتی، راسته‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا یاریی ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌ هه‌ولێر ئاسووده‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین سوود له‌ ئاماده‌بوونی جه‌ماوه‌ره‌ وه‌ربگرین”.
وتیشی، هیچ پلانێكمان نییه‌ به‌ ته‌نیا چاودێریی كه‌ریم بنزێما بكه‌ین له‌ یارییه‌كه‌دا، راسته‌ ئه‌و یاریزانێكی گه‌وره‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ش پلانی خۆمان هه‌یه‌”.
ئۆدیشۆ كه‌ به‌ یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری ئاشنایه‌ و چه‌ند وه‌رزێك راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر بووه‌، هه‌روه‌ها وتی، “هه‌موو هێز بۆ بردنه‌وه‌ خه‌رج ده‌كه‌ین، چونكه‌ دۆڕانی ئێمه‌ واتا بێهیوابوونمان له‌ پاڵه‌وانیه‌تییه‌كه‌ ده‌گه‌یه‌نێت.

ئیبراهیم بایش: بۆ یارییه‌كه‌ ئاماده‌م
ئیبراهیم بایش ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی قوه‌ جه‌وییه‌ له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ 964ی وت، بۆ یارییه‌كه‌ ئاماده‌م و به‌ پلانی راهێنه‌ر چی ئه‌ركی من بێت، ئه‌نجامی ده‌ده‌م.
وتیشی، هه‌وڵ ده‌ده‌ین بردنه‌وه‌ له‌ یارییه‌كه‌دا تۆمار بكه‌ین و دڵی هانده‌رانمان خۆش بكه‌ین.

بڕیاره‌ سبه‌ی دووشه‌ممه‌ كاتژمێر 03:00ی ئێواره‌ یاریی نێوان قوه‌ جه‌وییه‌ و ئیتیحاد له‌ گه‌ڕی چوارەمی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئاسیا، له‌ یاریگه‌ی فرانسۆ هه‌ریری به‌ڕێوه‌بچێت.

داڕشتنه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سانتۆ ده‌ڵێت كه‌ریم ئاماده‌یه‌ و ئۆدیشۆش ده‌ڵێت هه‌وڵی بردنه‌وه‌ ده‌ده‌ین

یانەی قوەی جەویە سەرکەوت و گەیشتە کۆتایی

یانەی قوەی جەویە سەرکەوت و گەیشتە کۆتایی